عێراق رێوشوێنی ئەمنی توندتر لە سنووری سووریا دەگیرێتەبەر

"لە رێگەی درۆنەکان بەردەوام چاودێری سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا دەکەن"
‌هێزەکانی عێراق لە سنووری سووریا - ئەرشیف
‌هێزەکانی عێراق لە سنووری سووریا - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بە مەبەستی رێگریکردن لە پەڕینەوەی چەکدارانی داعش، عێراق رێوشوێنی ئەمنی توندتر لە سنووری سووریا دەگیرێتەبەر.

دوای سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ ناوچەی سنوورییەکانی رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا لەگەڵ سووریا. یەحیا رەسوڵ گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "چەندین رێوشوێنی ئەمنی توندتر لە سنوورەکان دەگرینەبەر، بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوە و دزەکردنی چەکدارانی داعش، بۆ ناو خاکی عێراق، وەک هەڵکەندنی خەندەقی فراوان و قووڵ، دانانی کامێرای حەراری زیاتر".

لەلایەکی دیکەوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، یەکەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازییە، لە رێگەی درۆنەکان بەردەوام چاودێری سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا دەکەن.

رۆژی 20/1/2022، ژمارەیەک چەکدارانی داعش لە گرتووخانەی غوێران لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان هەڵاتن و رووبەڕووی هێزەکانی هەسەدە بوونەوە و توانیان زیندانەکە بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، دوای چەند رۆژێک هەسەدە رایگەیاند، زیندانەکەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە و زۆربەی چەکدارە هەڵاتووەکانیشیان دەستگیر کردووەتەوە.

ئەو رووداوە مەترسی جموجۆڵەکانی داعشی لە ناوچەکە زیاتر کرد، عێراق لە ناوچە سنوورییەکان رێوشوێنی ئەمنی گرتەبەر. رۆژی 26/1/2022، مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە ناوچە سنوورییەکانی عێراق – سووریا و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەوە.