نرخی نەوت دابەزی

نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 0.69% بۆ 89.34 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا رایگەیاند، بە شێوەیەکی پلە بە پلە نرخی سوود بەرزدەکەنەوە تاوەکو بتوانن بەرزی رێژەی هەلاوسان کۆنترۆڵ بکەن، نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستی زیاتر لە حەوت ساڵی رابردووی دابەزی.

بەهۆی زیادبوونی خواست بۆ وزە، نرخی نەوت لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەردەوام بووە لە بەرزبوونەوە. ئەوەش گوشاری کردووەتە سەر بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە تەواوی جیهان، کە وایکرد یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا پەنا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سوود ببات و بڕیارە لە مانگی ئاداری رابردووەوە دەست بە بەرزکردنەوەی بکەن.

لە لایەکی دیکەوە گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و کۆکردنەوەی هەزاران سەرباز مەترسی بۆ خستنەڕووی نەوتی جیهان دروستکردووە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکانیش، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی 0.69% بۆ 89.34 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، لە کاتێکدا لە مامەڵەکانی دوێنێ چوارشەممە بۆ 90.47 دۆلار بەرزبووەوە.

هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی 0.76% بۆ 86.96 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.