پزیشکێک: ئەمجۆرە ماسییە دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە

لەگەڵ برنج و چەند خواردنی دیکەشدا دەخورێت
ماسی خوێدار
ماسی خوێدار

K24 - هەولێر:

پزیشکێک هۆشداری دەدات لە خواردنی جۆرێکی ماسی چەند خواردنێکی دیکە و دەڵێت ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاد دەکات.

پزیشکی دەرمانساز، حسێن عەبدی بە رۆژنامەی Express راگەیاند، خواردنی ماسی خوێدار ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاد دەکات.

ماسی خوێدار " Cantonese salted fish" ژەمە خواردنێکی چینیە کە تیایدا ماسیەکە بە خوێ ئامادە دەکرێت یان لەناو خوێدا هەڵدەگیرێت و دواتر ئامادە دەکرێت، ئەم ژەمە دەوڵەمەندە بە ئۆمێگا 3 و رۆنی ماسی و پرۆتینەکان، بەڵام خواردنی بۆ هەموو کەس نابێت، بە تایبەتی منداڵ و ژنی دووگیان.

 ئەو پزیشکە گوتیشی: خواردنە دەریایەکان بە گشتی لە رۆژهەڵاتی ئاسیا بەناوبانگن و زیاتر لەگەڵ برنجدا و جەند خواردنێکی دیکەدا دەخورێن".

ماسی خوێدار لەسەر برنج
ماسی خوێدار لەسەر برنج

بە گوێرەی ئەو پزیشکە، پرۆسەی هەڵگرتنی ماسییەکە لەناو خوێدا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، دەبێتە هۆی دروستبوونی ماددەی لاوەکی کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن.

حسێن عەبدی ئاماژەی بەوەشدا، تەواوی خواردنە خوێدار و سوێرەکان و برژاوەکان، مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن و گەدە زیاد دەکەن.

لەگەڵ کرانەوەی وڵاتان و کلتورە جیاوازەکان بەیەکدیدا، خواردنە ئاسیایەکان لە هەموو جۆرەکانی دیکەی خواردن زووتر بەنێو وڵاتاندا بڵاوبووەوە و ناوبانگێکی گەورەی پەیدا کردووە، بۆیە ئەم پزیشکە هۆشداری دەدات و دەڵێت تا زیاتر خۆتانی لێبەدوور بگرن سەلامەتترن.

ئامادەکردنی ماسی خوێدار
ئامادەکردنی ماسی خوێدار