نێتفلیکس بە فیلمێکی عەرەبی هەرا دەنێتەوە
K24 - هەولێر:
فیلمی " اصحاب ولا اعز" لە ژانرای کۆمیدی و درامی، کە لە 20ـی کانوونی دووەم لە پلاتفۆڕمی نێتفلیکس پەخش کرا، بەهۆی چەند دیمەنێکی جیاوازەوە هەرای ناوەتەوە و داوای قەدەغەی پەخشکردنی دەکرێت.
فیلمەکە باس لە ژیانی 7 هاوڕێ دەکات کە پێکەوە بۆ نانی ئێواەرە کۆدەبنەوە و بڕیار دەدەن یاریەک بکەن و مۆبایلەکانیان لەسەر مێزی نانخواردن دابنێن، بە مەرجێک هەمووان ئاگاداری تەلەفون و نامەکانی یەکدی بن، دواتر زنجیرەیەک رووداوی دیکە روودەدەن و چەند نهێنیەکی کەسی و تایبەت ئاشکرا دەبێت.
چیرۆکەکەی لە فیلمی ئیتاڵی "Perfect Strangers" وەرگیراوە، فیلمەکە چەند دیمەنێکی تێدایە کە لە رووی عورف و عادەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نەشیاو لەقەڵەم دەدرێن، بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسڵمانن.
فیلمەکە لە دەرهێنانی وەسام سەمیرە و مونا زەکی، ئەیاد نەسار، عادل کەرەم و چەند ئەکتەرێکی دیکە رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینن، فیلمەکە بە زمانی عەرەبییە و ژێرنووسی بۆ تەواوی زمانەکانی دیکە لە نێتفلیکس بەردەستە و ماوەکەی 99 خولەکە.
بەهۆی ئەو دیمانانەوە کە تێیدایە، چەندین کەسایەتی بەناوبانگ و هونەرمەندی عەرەبی لە پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا دەکەن پەخشکردنی قەدەغە بکرێت و بایکۆتی پلاتفۆرمی نێتفلیکس بکرێت.
H.H