رێناس جانۆ: هه‌موو لایه‌نێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌وڵ بۆ سه‌رخستنی كاندیده‌كه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار بدات
K24- هه‌ولێر:
رێناس جانۆ، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له به‌غدا، له‌باره‌ی بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق بۆ راگه‌یاندنی واده‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ ئاشكراكردنی ناوی كاندیدان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار گوتی: به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان تا ئێستا 26 كه‌س خۆیان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كاندید كردووه.
رێناس جانۆ تایبه‌ت به كوردستان24 گوتیشی: جگه راگه‌یاندنی ناوی كاندیدان و پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، له‌و دوو دانیشتنه‌دا چه‌ند كارێكی دیكه‌ی په‌رله‌مانی به‌ڕێوه‌ده‌چن، له‌وانه‌ش: ده‌ستنیشانكردنی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان و دابه‌شكردنی ئه‌ركه‌كانی ناو په‌رله‌مان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دوای راستكرده‌وه‌ی ناوی په‌رله‌مانتاران له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵ، سوێندخواردنی یاسایی و به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌چێته ناو ماوه ده‌ستوورییه‌كانی، یه‌كێكیش له‌و ماوه ده‌ستوورییانه ئه‌وه‌یه، كه ده‌بێت له‌ماوه‌ی مانگێكدا په‌رله‌مان سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێرێت، دواتریش سه‌رۆك كۆمار كه‌سێك بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت راده‌سپێرێت، كه له‌لایه‌ن گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانییه‌وه بۆ ئه‌و پۆسته كاندید ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به ئامانجی سه‌ردانی شاندی پارتیش بۆ به‌غدا، رێناس جانۆ رایگه‌یاند: ئامانجی سه‌ردانی ئێمه بۆ گفتوگۆكردن و دانوستانه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی دیاریكردنی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق.
سه‌باره‌ت به بوونی دوو كاندیدی پارتی و یه‌كێتیش بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی شاندی دانوستانكاری پارتی بۆ به‌غدا گوتی: هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كێبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته بكات و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك بكات له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی زۆرترین ده‌نگ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، وه‌ك ئاراسته‌یه‌كی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشتریش بۆ ئێمه یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد زۆر گرنگ بووه و له‌زۆر بۆنه‌ی جیاوازیش پارتی داوای ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی كردووه، بۆ ئه‌مجاره‌ش زۆر باش ده‌بوو كه رێككه‌وتن كرابا، به‌ڵام دیاره هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێت سوور بن له‌سه‌ر گرێكوێره‌كردنی دۆخه‌كه، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌یه‌وێت خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌ی گۆڕانكاریدا بگونجێنێت، كه به‌سه‌ر عێراقدا هاتووه.
گوتیشی: ئێمه وه‌ك پارتی تێگه‌یشتنمان بۆ سیاسه‌تی عێراق ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی ئێستا هاتوونه‌ته ئاراوه، له ئه‌نجامی ئه‌و فشارانه بووه، كه شه‌قامی عێراقی درووستیكردن و پارتیش ده‌یه‌وێت خۆی له ئاست ئه‌و گۆڕانكاریانه‌دا ببینیت و خۆی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئاماده كردووه و ده‌رگای گفتوگۆی به‌ڕووی هه‌موو لایه‌نێكدا كردووه‌ته‌وه، هێڵی سووری بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكیش دیاری نه‌كردووه.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئێمه وه‌ك شاندی پارتی له هه‌وڵه‌كانمان بۆ دانوستانكردن له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌كان به‌رده‌وام ده‌بین، بۆ ئه‌وه‌ی دیدگا و بۆچوونه سیاسییه‌كانمان بۆ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق له ئاینده‌دا نیشان بده‌ین، تا ئێستاش له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان ئه‌و تێڕوانینه‌ی پارتی لای لایه‌نه‌كانی دیكه جێگه‌ی په‌سه‌ندكردنێكی زۆر بووه، به شێوه‌یه‌ك كه ته‌نانه‌ت هه‌ندێك لایه‌ن كه له هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌شماندا نین، به‌و دیدگایه‌ی پارتی دڵخۆشن و هایكارییه‌كی زۆر بۆ ئه‌و تێڕوانینه‌ی پارتی هه‌یه.
سه‌باره‌ت به دوو كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، كه هۆشیار زێبارییه، رێناس جانۆ گوتی: كاندیدی پارتی كه هۆشیار زێبارییه، یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌یه كه ده‌ستێكی باڵای له بونیادنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ‌دا هه‌بووه و پێشتریش كه به‌رهه‌ڵستكارێكی سه‌رسه‌ختی رژێمی پێشووی عێراق بووه، ئێستا له‌ناو ناوه‌نده سیاسییه‌كانی عێراق كه‌سایه‌تییه‌كی خۆشه‌ویسته، كه ئه‌مه‌ش واده‌كات چانسی بۆ بردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌هێزتر بێت.
H.B