ژمارەیەک کۆمپانیای دیکەی ئیماراتی دێنە هەولێر

سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ ئیمارات کاریگەری ئەرێنی دەبێت
دیمەنێکی شاری هەولێر - فۆتۆ: AFP
دیمەنێکی شاری هەولێر - فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەبوزەبی، ژمارەیەک کۆمپانیای وەبەرهێنانی ئیمارات دێنە هەولێر.

بەڕێوەبەری کۆمپانیایەك بۆ خانووبەرە رایدەگەیەنێت، چوونی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات، کاریگەری ئەرێنیی دەبێت بۆ هاتنی کۆمپانیا ئیماراتییەکان و عەرەبییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ هەولێری پایتەخت، چونکە ئیمارات وڵاتێکی پێشەنگە لە بواری وەبەرهێنان بە گشتی و لەناویشیدا بواری نیشتەجێبوون، لەبەرئەوە هەرچەند پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتە پێشکەوتووانە باشتر بێت، ئەوا کەرتی وەبەرهێنان و هەلی کار و خزمەتگوزاریی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتووتر دەبێت.

سەردانەکەی رۆژی 25/1/2022ی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئیمارات و کۆبوونەوەی لەگەڵ شیخ محەمەد بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئەبوزەبی، بووە فاکتەرێک بۆ ئەو کۆمپانیایانەی بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە گەڕابوونەوە وڵاتەکانیان، پەیوەندیان بە بریکارەکانی خۆیان لە هەرێمی کوردستانەوە بکەنەوە، بۆ وەگرتنی ئامار و زانیاریی دەربارەی بازاڕ لە پێناو گەڕانەوەیان و سەر لەنوێ دەستکردنەوە بە کاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

لەوبارەوە سەردار ئازاد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەملاک بۆ خانووبەرە بە کوردستان24ی گوت: "ئەو کۆمپانیا ئیماراتیانەی لێرە نەماون ئێستا جارێکی دیکە لە رێگەی بریکار و راوێژکارەکانیان پەیوەندیمان پێوە دەکەنەوە و داوای داتا دەکەن لەبارەی خانووبەرە و نیشتەجێبوون دەکەن، هەروەها نرخی زەوی و زار یەکەکانی نیشتەجێبوون دەپرسن، ئەمەش وەک ئامادەکاری و بەرچاو روونی بۆ گەڕانەوەیان بۆ کوردستان".

پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە، لە بواری سەقامگیریی و ئابوورییەوە، هۆکارێکی گرنگە و زەمینەیەکی لەباری رەخساندووە، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی بیانی بێن و وەبەرهێنان بکەن، جیا لەمەش قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانەی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیار دۆلارە.

کاروان سورچی، وتەبێژی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەراورد بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیرە، بازرگان و خاوەنکار و وەبەرهێنەران بە دوای شوێنی ئارام دا دەگەڕێن بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکەیان، هەرێمی کوردستانیش ئەو شوێنەیە".

گوتیشی: "ئێستا بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان لە بواری وزە و وەبەر‌هێنان لە سێکتەری نیشتەجێبوون و پیشەسازی کاردەکەن، ئومێد دەکەین لە داهاتوودا کۆمپانیاکان لە بوارەکانی دیکەی وەک کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، بە هاوکاری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان پەرە بە وەبەر‌هێنان بدەن".

ئێستا نزیکەی 15 گەورە کۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێم  وەبەرهێنان دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت لە دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات، ژمارەی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی ئەو وڵاتە زیاد بکەن و دەرفەتی زیاتری کارکردنیش بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بڕەخسێنرێت.