ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی لە رووداوەکەی گرتووخانەی غوێران نیگەرانە

K24- هه‌ولێر:
ئێواره‌ی دوێنێ 27ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2022، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی دانیشتنێكی تایبه‌تی به دۆخی سووریا و حه‌سه‌كه و گرتووخانه‌ی غوێران به‌ڕێوه‌برد، كه نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی رووسیا تێیدا ئاماده بوو.
ڤلادیمێر فرۆنكۆف، جێگری سكرتێری گشتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و به‌رپرسی نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، نیگه‌رانی خۆی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران له حه‌سه‌كه راگه‌یاند.
فرۆنكۆف راشیگه‌یاند، ، ده‌ره‌نجامی ئه‌و هێرشه ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی زیندانیانی داعش رایانكرد، 700 منداڵیش له‌م گرتووخانه‌یه هه‌ن كه داعش وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كاریان ده‌هێنن. ده‌شڵێت: رووداوه‌كانی گرتووخانه‌ی غوێران له حه‌سه‌كه، پێشتر له چه‌ند شوێنێكی جیهان دووباره بووه‌ته‌وه، داعش و ئه‌لقاعیده ئاماده‌كارییان بۆ كارێكی ئه‌وها كردبوو.
جێگری سكرتێری گشتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، داعش ئه‌و توانایه‌ی هه‌یه ده‌ست به‌سه‌ر گرتووخانه‌كاندا دابگرێت، ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه كۆتایی نه‌هاتووه، ره‌نگه دووباره ببێته‌وه، پێویسته گرفتی گرتووخانه‌كان و كه‌مپه‌كانی داعش له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه كاریگه‌ری بۆ سه‌ر سه‌قامگیری عێراقدا ده‌بێت.
نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له سووریا رایگه‌یاند، راكردنی زیندانیان له ساڵی 2014 له عێراقیش دووباره بووه‌وه، ئه‌مه نامه‌یه‌ك بۆ هه‌موومان، كه تیرۆر هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر جیهان.
له گرتووخانه‌ی غوێران زیاتر له 4 هه‌زار چه‌كداری زیندانیكراوی داعش هه‌بوون، له‌ناویان 700 چه‌كدار له خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵی به "ئه‌شبال ئه‌لخه‌لافه‌ت" ناویان ده‌برا، به گوته‌ی روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، تا ئێستا توانراوه ته‌نیا 2 هه‌زار چه‌كدار ده‌ستگیر بكرێنه‌وه، ئه‌وانیش زۆربه‌یان خۆیان راده‌ستكردووه، ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له گرتووخانه‌كه رایانكردووه، تا ئێستاش ده‌ستگیرنه‌كراونه‌ته‌وه.