كۆشكی سپی: راوێژكاری ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی واشنتن ده‌كات

"لەگەڵ جۆ بایدن له‌باره‌ی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا گفتوگۆ ده‌كه‌ن"
جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی
جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی

K24- هه‌ولێر:

کۆشکی سپی بڵاویكرده‌وه‌، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە 7 ی مانگی داهاتوو (شوبات / فێبرایه‌ر) سەردانی ئەمەریکا دەکات و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا له‌باره‌ی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

جین ساکی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی رایگه‌یاند، راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی ئەمەریکا تاوتوێی بەرپرسیارێتییە هاوبەشەکانیان سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییه‌كان  له‌باره‌ی دۆسییه‌ی ئۆکرانیا ده‌كه‌ن.

جین ساكی راشیگه‌یاند، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و راوێژكاری ئه‌ڵمانیا تاوتوێی بەردەوامبوونی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوانیان دەکەن،  به‌تایبه‌ت کۆتایی هێنان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و هاندانی بوژانەوەی ئابووری و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

چوارشەممەی رابردوو 26ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2022 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگه‌یاند، پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2ـی نێوان رووسیا و ئەڵمانیا بەرەوپێشەوە ناڕوات ئەگەر رووسیا ئۆکرانیا داگیربکات.

هەزاران سەربازی رووسیا لە نزیک سنورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکراون و رەوشەکە رۆژ دوای رۆژ بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت، ئەم گرژییانەی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، رێکخراوی ناتۆی نیگەران کردووە، هەربۆیە بەشێک لە ئەندامانی رێکخراوەکە هەوڵەکانیان چڕتر کردووتەوە بۆ پێدانی چەک بە ئۆکرانیا لە دژی رووسیا.

شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و سەربازییەكان پێیان وایە، رووسیا دەست بەجەنگ ناکات، بەڵام لە ئەگەری دروست شەڕ گورزی کوشندەی دەبێت.