حه‌لبووسی هێرشی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا به‌ كارێكی تیرۆرستی ناوده‌بات

پێویسته‌ كاری جددی بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و جۆره‌ كرده‌وه‌ تیرۆرستییانه‌ بكه‌ین
محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24- هه‌ولێر:

محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا دووپاتیكرده‌وه‌، پێویسته‌ كاری جددی بۆ وه‌ستاندنی كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كان بكه‌ین.

له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی تویته‌ر، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌ختیكرده‌وه‌، به‌ئامانجكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵاتی به‌غدا، هێرشی راسته‌وخۆیه‌ بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: ئه‌و هێرشه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ناوبانگی عێراق و گوتی: "پێویسته‌ كاری جددی بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و جۆره‌ كرده‌وه‌ تیرۆرستیانه‌ بكه‌ین".

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، شه‌ش مووشه‌ك له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ و له‌ ئاكامی ئه‌و هێرشه‌ زیانی ماددی به‌ر ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ كه‌وتووه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌ عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، له‌م مانگه‌دا دووه‌م جاره‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا ده‌كرێته‌ ئامانج.

هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی راشیگه‌یاند، مووشه‌كه‌كان له‌ به‌شی مه‌ده‌نی فڕۆكه‌خانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌.

هێڵی ئاسمانی عێراقيش جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، گه‌شته‌كان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بن.

H.B