مه‌سرور بارزانی: هێرشی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا به‌ توندترین شێوه‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌م

داوا له‌ سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كانیش ده‌كات به‌ كۆ ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ ئیدانه‌ بكه‌ن
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدای به‌ توندی ئیدانه‌ كرد.

له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی تویته‌ر، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نووسیویه‌تی: "به‌ توندترین شێوه‌ ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستیانه‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌م، كه‌ ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدایان كرده‌ ئامانج، داواش له‌ ته‌واوی سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌م، به‌ كۆ ئیدانه‌ی ئه‌و په‌لامارانه‌ بكه‌ن".

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تویته‌كه‌یدا دووپاتیكرده‌وه‌، "دووباره‌بوونه‌وه‌ی هێرشه‌كان، له‌وانه‌ش ئه‌وانه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێریان له‌ رابردوودا كرده‌ ئامانج، هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر وڵات و گه‌له‌كانی و ئاسایشه‌ هاوبه‌شه‌كه‌مان".