وڵاتێک کۆتایی بەو ئۆتۆمبێلانە دێنێت کە بە سووتەمەنی کار دەکەن

ئۆتۆمبێلی کارەبایی شوێنی دەگرێتەوە
وێستگەیەکی بارگراوی کردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ستۆکهۆڵم
وێستگەیەکی بارگراوی کردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ستۆکهۆڵم

K24 - ستۆکهۆڵم

حکومەتی سوید پلانی داڕشتووە، تا ساڵی 2030 کۆتایی بە بەکارهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە بێنێت کە بە سووتەمەنی کار دەکەن و ئۆتۆمبێلی کارەبایی جێگەیان بگرێتەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و بەستەڵەک و زستان، رۆژانە ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەناو شەقامەکانی سوید لەکار دەکەون. شارەزایانی بواری میکانیکیش دەڵێن، ئۆتۆمبێلی کارەبایی توانای بەرگەگردنی وەک پێویست نییە.

هەرچەندە تێچووی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەراورد بە ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی کار دەکەن کەمترە، بەڵام لە وەرزی زستاندا و لەکاتی شەپۆلی سەختی سەرما گرفتیان زیاترە، رۆژانە دەیان ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەناو شەقامەکاندا پەکیان دەکەوێت.

محیەدین شەریفزادە، خاوەنی چەندین ئۆتۆمبێلی کارەباییە لە سوید بە کوردستان24ی گوت: "ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەم خەرجی کەمترە، هەمیش زیانی بۆ ژینگە کەمترە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی بەهۆی باجەوە قازانجی کەم دەکات، بەڵام بە گشتی بۆ تەندروستی خەڵک و ژینگە باشترە. پێشنیاز کراوە لەمەودوا بەگوێرەی کیلۆمەتری لێخوڕین باج وەربگیرێت".

چەند ساڵێکە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە وڵاتانی ئەوروپا زیادبووە، شارەزایانی بواری میکانیکی دەڵێن: توانای ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەراورد بەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی کار دەکەن کەمترە، لەکاتی تێکچوونی هەر بەشێکی ئۆتۆمبێلەکە تێچووی چاککردنەوەی لەچاو ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی کار دەکەن زیاترە. لە وەرزی زستانیش توانای بەرگەگرتنی باتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی زۆر کەمە و ناتوانرێت رێگای دووری پێببڕدرێت.

ئاوارە ئەسوەد، شارەزای میکانیکی ئۆتۆمبێل ئاماژە بەوە دەکات: "خەرجی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی زیاترە، هەموو کەسێکیش ناتوانێت کاری تێدا بکات، ئێمە بەشداری خولمان کردووە، تا بتوانین کاری تێدا بکەین، ئەگەر شارەزاییت لێی نەبێت مەترسی لەسەر ژیانت هەیە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی کاردەکەن هەموو فیتەرێک دەتوانێت کاری تێدا بکات".

گوتیشی: "نرخی باتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی زۆر بەرزە، ئۆتۆمبێل هەیە باتریمان گۆڕیوە بە 85 هەزار کڕۆنی سویدی، نرخەکەی نزیکە لە نرخی ئۆتۆمبێلەکە".

بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2021 لە سوید 121 هەزار و 747 ئۆتۆمبێلی کارەبایی هاتوونەتە سەر شەقامەکانی، بڕیارە تا ساڵی 2030 کۆتایی بە بەرهەمهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە بهێندرێن، کە بە سووتەمەنی بەنزین و دیزل کاردەکەن و ئۆتۆمبێلی کارەبایی جێیان بگرنەوە، کە بەدۆستی ژینگە ناودەبرێت.