تەندروستی هەولێر: ژمارەی تووشبووان بە ئۆمیکرۆن زۆر زیادیکردووە

"لە هەولێر 400 هەزار کەس دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

ژمارەی تووشبووان بە (ئۆمیکرۆن) گۆڕاوی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادیکردووە و تائێستاش 400 هەزار کەس دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە.

بژار مووسا، وتەبێژی تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەگوێرەی پشکنینەکان دەرکەوتووە رۆژانە بەشێوەیەکی خێرا خەڵک تووشی ئۆمیکرۆن دەبن، بەڵام ئەو ڤایرۆسە تەنها تووشی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسەی مرۆڤ دەبێت، وەکو پەسیوە، بۆ جیاکردنەوەی لە پەسیو پێویستە پشکنین بکرێت".

جەختیکردەوە: "رێژەی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن زۆرە و بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین زیاتر پابەندی رێنماییەکان بن، هەرچەندە هەڵمەتەکانی هۆشیاری ئێمە بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە خەڵکی بەڕءژەیەکی کەم پابەندی رێنماییەکان دەبن".

وتەبێژی تەندروستی هەولێر، راشیگەیاند: "بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی، ئێستا ناتوانین بڵێن چەند کەس تووشی ئۆمیکرۆن بوونە".

گوتیشی: "جەخت لەوە دەکەین پێویستە هاووڵاتییان ڤاکسین وەرگرن، بۆ ئەوەی لەکاتی تووشبوون بە کۆرۆنا سەلامەت بن، چونکە هەموو ئەو تووشبووانەی باری تەندروستیان ناجێگیرە، ڤاکسینیان وەرنەگرتووە".

سەبارەت بە ئاماری وەرگرتنی ڤاکسین لە هەولێر، بژار مووسا گوتی: "تائێستا 400 هەزار کەس لە هەولێر دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە،و دەستکراوە بە پێدانی ژەمی سێیەم بۆ کەسانی تەمەن سەرووی 18 ساڵ، ئەو کەسانەی دەیانەوێت ژەمی سێیەم وەربگرن دەتوانن بچنەوە هەمان ئەو شوێنەی کە ژەمەکانی دیکەیان لێ وەرگرتووە، بەبێ ناونووسین و نۆرە گرتن ژەمی سێیەمیان پێدەدرێت".