ئەردۆغان سەرۆکی دەستەی ئاماری لە کاردوورخستەوە

دوای ئاشكراكردنی رێژەی هەڵاوسان سەرۆکی دەستەی ئاماری نیشتمانی تورکیا دووچاری رەخنە بووەوە
رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له‌ توركیا بۆ 36.1% به‌رزبووه‌ته‌وه‌
رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له‌ توركیا بۆ 36.1% به‌رزبووه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئەوەی رێژەی هەڵاوسانی فەرمی لە تورکیا بڵاوكرایه‌وه‌، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە سەرۆکی دەستەی ئاماری لەکار دوورخستەوە.

دوای ئەوەی ئاماری رێژەی هەڵاوسانی تورکیا بڵاوکرایەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بۆ سەدا 36.1 بەرزبووەوە. سەعید ئارداڵ سەرۆکی دەستەی ئاماری نیشتمانی تورکیا دووچاری رەخنە بووەوە.

سەرەڕای ئەوەش ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، ئەو رێژەیە زۆر بەرزترە و تێچووی گوزەرانی زیاتر لە دوو هێندەیه‌ بەراورد بەوەی بڵاوکراوتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی دەستەکەی لە کاردوورخستووەتەوە و لە جێگەی ئەو "ئۆرهان چەتین کایا"، جێگری سەرۆکی پێشووی دەستەکەی راسپاردووە سەرۆکایەتی دەستەی ئامار بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری رێژەی هەڵاوسان بۆ سەدا 36.1 لە مانگی کانوونی یەکەمی 2021 لەسەر ئاستی ساڵانە بەرزبووەتەوە، کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی لە مانگی ئەیلوولی 2002ـەوە هاوشێوەی نەبووە.