سێرجۆ ماتارێللە بۆ دووەم جار بەسەرۆك کۆماری ئیتالیا هەڵبژێردرایەوە

دوای هەفتەیەك گفتوگۆی چڕ و هەشت جار دەنگدان سەرۆك کۆماری نوێی ئیتالیا دەستنیشان کرا
سێرجۆ ماتارێللە، سه‌رۆك كۆماری ئیتاڵیا
سێرجۆ ماتارێللە، سه‌رۆك كۆماری ئیتاڵیا

K24- ئەوروپا:

بەپێی مادەی 83ی دەستووری هەمیشەیی ئیتالیا، سەرۆك کۆماری ئیتالیا لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك کۆمار  جگە لە بەشداری پەرلەمانتاران و ئەندامانی سێنات، 3 ئەندام لە هەر هەرێمێکی ئیتالیا، کە لەلایەن ئەنجومەنی هەرێمەوە هەڵدەبژێردرێن، بەمەرجێك تەنانەت کەمینەش بەشداربێت و 'ڤاللێ دەئۆستا' بەهۆی بچوکی هەرێمەکەوە یەك نوێنەر بەشداردەبێت. کۆی ئەنجومەنی دەنگدان بۆ سەرۆك کۆمار بریتین لە 630 پەرلەمانتار، 321 سێناتۆر و 58 نێردەی هەڵبژێردراوی هەرێمەکان.

25ی کانونی دووەم، بە بەشداری 1009 ئامادەبوو، دەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك کۆماری نوێی ئیتالیا كرا، بەهۆی نەبوونی کۆدەنگی لە نێوان پارتەکان، لەکاتی یەکەم دەنگدان و رۆژانی دواتر، پارتە راستەکانی ناوەند و چەپەکانی ناوەند، بە سپێتی کارتی دەنگدانیان بەکار دەهێن او نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك.

رۆژی دواتر پارتە راستەکانی ناوەند 3 کاندیدیان پێشکەشکرد، بۆ ئه‌وه‌ی دەنگیان لەسەر بدرێت و بەهۆی ناڕه‌زایه‌تی پارتە چەپەکانی ناوەند، ئەوەش شکستی هێنا.

رۆژی 26ی مانگ، پارتی برایانی ئیتالیا (فراتێللی ئیتالیا) بڕیاندا، دەنگ بە بەربژێرەکەی خۆیان (گویدۆ کرۆسێتتۆ) بدەن و ناڕازیبوونی پارتەکانی تر و پێشنیازی چەندین کەس، ژمارەی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆك کۆماری ئیتالیا گەیشتە 26 بەبژێر.

دوای هەفتەیەك لە دەنگدان و نەگەیشتن به‌ رێژه‌ی یاسایی، دوای 8 جار دەنگدان لە پەرلەمان، کاتژمێر 22:52 سەرۆکی پەرلامانی ئیتالیا رایگەیاند، لە کۆی 1009 دەنگدەر بۆ سەرۆك کۆمار سێرجۆ ماتارێللە، بە 759 دەنگ بە سەرۆك کۆماری ئیتالیا بۆ 7 ساڵی داهاتوو هەڵبژێردرایەوە.

ماتارێللە لە کۆتایی ساڵی رابردوو رایگەیاند، دەیەوێت له‌مه‌ودوا ژیانی بۆ خانەوادە و نەوەکانی تەرخان بکات و بۆ جاری دووەم خۆی کاندید ناکاتەوە، بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتەکانی ئیتالیا بۆ گەیشتن بە دەستنیشانکردنی کەسێك بۆ ئەو پۆستە، سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و کەسایەتیەکانی ئیتالیا، داوایان لە سێرجۆ ماتارێللە کرد، رەزامەندی بدات بە کاندیدکردنەوەی بۆ جاری دووەم، وەڵامی سەرۆك کۆماری کات تەواوبوو بۆیان: گەر وڵات پێویستی بەمن بێت من هەم بوو.

سێرجۆ ماتارێللە ، 23ی تەموزی ساڵی 1941 لە شاری پالێرمۆی باشووری ئیتالیا لەدایك بووە، یاسای خوێندووە و لەساڵی 2015ـه‌وە سەرۆك کۆماری ئیتالیایە و ساڵی 2015 لە کۆی 1009دەنگدەر متمانەی 665 دەنگدەری بەدەستهێنا، ساڵی 1983 – 2001 ئەندامی پەرلەمان بووە، سەرەتا لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی مەسیحی و دواتر پارتی گەل و پارتی مارگەرێتا، لە کۆتاییدا پارتی دیموکراتی ئیتالیا و گەیاندویەتیە پۆستی سەرۆك کۆمار، ماتارێللا پێشتر پۆستی وەزیر بۆ پەیوەندەکان لەگەڵ پەرلەمان لە (1987-1989)، وەزیری پەروەردە (1989-990)، جێگری سەرۆك وەزیران (1998-1999)، وەزیری بەرگری (1999-2001)و دادوەری دەستوری ئیتالیا (2011-2015) بووە.

لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیتالیا، 12 سەرۆك کۆمار هەڵبژێردراون، دەسەڵاتەکانیان تەشریفاتییە، بەپێی مادەی 86ی دەستووری ئیتالیا، سەرۆك کۆمار جێگری نییە، لەکاتی دەست لەکارکێشانەوە یان نەمان، سەرۆکی سێنات، کە دووەم دەسەڵاتی وڵاتە، دەبێتە کاربەڕێکەری کارەکان و هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆك کۆماری دەبێت.

دوای رێفراندومی 2ی حوزەیرانی ساڵی 1946، کە کۆماری ئیتالیا دروستبوو، سەرۆك وەزیران 'ئالچیدێ دێ گاسپێری' بوو بەسەرك کۆماری کاتیی ئیتالیا، لە 28ی هەمان مانگدا یەکەم سەرۆك کۆمار هەڵبژێردرا و لە خولی یەکەمی دەنگدان ' ئێنریکۆ دێ نیکۆلا' بوو بە یەکەمین سەرۆك کۆمار. تاکە سەرك کۆمار کە تائێستا زۆرترین دەنگی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆك کۆماردا بەدەستهێنابێت، ساڵی 1978 'ساندرۆ پێرتینی' بووە، و لە %82.3ی دەنگدەران متمانەیان پێبەخشیوە. بە پێچەوانەشەوە کەمترین رێژەی بەدەستهێنانی دەنگ لە %51.4 بووە لەساڵی 1971 لەکاتی هەڵبژاردنی 'جۆڤاننی لێیۆنێ' بووە، کە بە سەختترین هەلبژاردنی سەرۆك کۆمار دادەنرێت.

جگە لە 'جۆرجۆ ناپۆلێتانۆ' کە لە مێژووی ئیتالیادا دوو جار هەڵبژێردراوە و 8 ساڵ و 244 رۆژ سەرۆك کۆمار بووە، سێرجۆ ماتارێللە دەبێتە کەسی دووەم لەمێژووی ئیتالیادا، كه‌ بۆ جاری دووەم هەڵبژێردرێتەوە، کەمترین ماوەی سەرۆکایەتیش کە تەنها 4 مانگ و 12 رۆژبووە، سەرۆك کۆمار 'ئێنریکۆ دێ نیکۆلا' بووە، گەنجترین سەرۆك کۆمار ' فرانچێسکۆ کۆسیگا' لە تەمەنی 56 ساڵیدا بووە و بەتەمنترینیش 'جۆرجۆ ناپۆلێتانۆ' لەتەمەنی 81 ساڵیدا بووە.

هەر کەسێك ناسنامەی ئیتالی هەبێت و تەمەنی 50 ساڵ بەروژوور بێت و کاسایەتی سیاسی بێت، دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار کاندید بکات.