گرژی نێوان لایەنەکان دۆخی ئەمنی ئاڵۆز دەکات

هێرش و رفاندن لە عێراق زیاتر دەبێت
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - بەغدا

بەهۆی ئەو ئاڵۆزییە سیاسیەی کە لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دروستبووە، دۆخی ئەمنی لە بەغدا و شارەکانی خواروی عێراق تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت، پەرلەمانتارێکی پێشوو دەڵێت، گەر لایەنە شیعەکان نێو ماڵی خۆیان رێک نەخەنەوە و رێکنەکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، ئەوە لە رۆژانی داهاتوو هێرش و حاڵەتەکانی رفاندنیش زیاتر دەبن.

ململانێی لایەنەکان لە عێراق، خراپی بارودۆخی ئەمنی بەدوای خۆیدا هێناوە، بە ئامانج کردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و هێرش کردنە سەرماڵی بەرپرسانی باڵای عێراق، ئەو پەیامە مەترسیداریە، ئەو گرووپانەی شیعە کە چەک بەدەستن لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسی بن و رۆڵیان نەبێت لە كابینەی نوێی حكومەت. پێشبینی دەكرێت ئەو كردەوانە لە بەغدا و شارەكانی دیكەش لە رۆژانی داھاتوو دووبارە ببێتەوە.

لەوبارەوە رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "هەندێک لایەن و دەوڵەتی ناوچەکە نایەڵن عێراق سەقامگیر بێت، پێویستە هەموو لایەنەکان بیر لەوە بکەنەوە میلیشیا نەهێڵن و چەک بگەڕێتەوە ژێر دەستی حکومەت".

گوتیشی: "گرنگە حکومەتی زۆرینە پێکبهێنرێت، بەڵام بەو ئامانجەی کە خەمی خزمەتکردنی عێراق و هاووڵاتییان بێت".

موقتەدا سەدر دوای چوار کۆبوونەوە لەگەڵ هادی عامری، سور بوو لەسەر ئەوەی خۆی حکومەتی زۆرینە پێکدەهێنێت و دەرگاشی واڵایە، بۆ هەموو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، جگە لە دەوڵەتی یاسایی نوری مالکی، ئەمەش هۆکاری سەرەکی دوو بەرەکیەکەی نێو ماڵی شیعەیە.

غەیس سودانی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێ: "روونە دەوڵەتی یاسا بەشداری لە پێكھێنانی كابینەی نوێی حـكومەت ناكات، گەر بەشداریشی پێبکەن بە هەر بە ناو بەشدار دەبێت، ناهێڵن رۆڵی خۆی بگێڕێت و وەک پێشتر باڵادەست بێت، ئەم دیدگایە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە چەند رۆژی رابردوو دەیان لێدوانی دژ بەیەکمان بینی، لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و کوتلەی سەدری کە دەریخست لە ململانێیەکی قوڵدان".

لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان موقتەدا سەدر و هادی عامری لە بەغدا بە ئامادەبوونی هومام حەمودی و قەیس خەزعەلی و فالح فەیاز، موقتەدا سەدر بە ئاشکرا پێیانی راگەیاندووە رۆژی 7/2/2022، پاش ئەوەی بە دەنگدانی زۆرینە پەرلەمانی عێراق ھۆشیار زێباری هەڵدەبژێرێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هەر لە هەمان رۆژ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەنگدەدات بە کوتلەی سەدری و دەبێتە گەورەترین کوتلەی پەرلەمان و حکومەتی زۆرینەی نشتیمانی پێکدەهێنن، ئەمەش نیگەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدوای خۆیدا هێنا.