180 کچ و ژن لە کەرتی نەوت و غازی بەسرە کاردەکەن
K24-هەولێر
ساڵانێکی زۆرە کارکردنی ژنانی عێراق لە دەرەوە شتێکی ئاساییە، بەڵام کارکردنیان لە کەرتی نەوت و غاز ئەرکێکی سەختە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە ژنانی پارێزگای بەسرە، لەم بوارەدا کاردەکەن و رووبەڕووی ئەو بیروبۆچوونە بوونەتەوە، کە پێیوایە ژنان ناتوانن ئەرکی قورس راپەڕێنن.
بەگوێری ئامارەکان، ئێستا 180 کچ و ژن لە کەرتی نەوت و غازی بەسرە کار دەکەن.

سەفا سەعیدی، ئەندازیار چەند ساڵێکە لەو بوارە کاردەکات و دەڵێ: "کۆمەڵگاکەمان قبووڵی نییە کچ دوور لە ماڵ و خێزانەکەی کاربکات، بۆیە کارکردن لێرە بۆ من شتێکی نوێ بوو، هەرچەندە دایکم دژی ئەم بیروبۆچوونەی کۆمەڵگە بوو، بەڵام لە هەمانکاتدا ترسی هەبوو لە قسەوقسەڵۆکی خەڵک و ناوبانگی من و هەلی شووکردنم، بەڵام من ئامانجێکم هەبوو، بەبڕوای من ئەمە جۆرێکە لە رووبەڕووبونەوە و سەرکێشی".

دەلال عەبدولئەمیر، یەکێکی دیکەیە لە ئەندازیارەکانی ئەم کۆمپانیایەی نەوت و غاز، ئەو باس لەوەدەکات، زیاتر رەگەزی نێر، کۆنتڕۆڵی ئەم بوارەی کارکردنی کردووە، بۆیە سەرەتا ترساوە، بەڵام دواتر راهاتووە. وەکخۆی دەڵێت: "ئەم کارە فێری کردم نەترسم، دوودڵ و نیگەران نەبم لەوەی ناتوانم ئەم کارە بکەم، بەڵکو بڕوام بەخۆم هێنا کە توانای ئەم کارکردنەم هەیە".

دەلال و سەفا، هانی ژنانی دیکەش دەدەن، بۆ ئەوەی لە بواری نەوت و غازدا کاربکەن و ئەزموونی نوێ فێربن، گوێ بە قسەی خەڵک نەدەن، هەوڵبدەن نەریتە هەڵە و کۆنەکانی کۆمەڵگە، بەرەو باشتر بگۆڕن.