رۆژانە 4900 تۆن گۆشتی سوور لە هەرێمی کوردستان دەخورێت

رۆژانە لە هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 ئاژەڵی گەورە و زیاتر لە 200 ئاژەڵی بچووک سەردەبڕێن
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

خواست لەسەر خواردنی گۆشتی سوور زیادی کردووە، بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ، رۆژانە 4900 تۆن گۆشتی سوور لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەخورێت.

بەشێك لە فرۆشیارانی گۆشتی سووریش لە هەولێر دەڵێن، هەم لە چێشتخانەكان هەمیش لە ماڵەوە، خەڵكی زیاتر حەزیان بە خواردنی گۆشتی سوورە و خواستیش لەسەر گۆشتی ئاژەڵی خۆماڵی زیاتر بووە. بەپێی تەندروستی جیھانی ھەر تاكێك رۆژانە پێویستی بە خواردنی 20 گرام گۆشتی سوور ھەیە.

نەبیل شەمسەدین، یەکێکە لە گۆشتفرۆش (قەساب)ـەکانی هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "ئەو پیشەیە لە باوکم بۆم ماوەتەوە، 35 ساڵە قەسابم. ئێستا گۆشتی بەرخ و گۆلگ خواستی زیاتری لەسەرە".

لەبارەی جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان لە قەسابخانەکان، ئاماژەی بەوەکرد: "پێش فرۆشتنی گۆشتەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆر پشکنینی بۆ دەکرێت دواتر دەینێرینە بازاڕ".

ئەو کەسانەی ئاژەڵ دەهێنن بۆ کوشتارگەکان، بازرگان و خاوەنی چێشتخانە و مارکێت و دوکانی گۆشت فرۆشن، زیاتر ئاژەڵی گەورە هاوردە دەکرێت، بەڵام ئاژەڵی بچووک لە ناوخۆ وەردەگیرێت.

هەڵمەت هەمزە، بەرێوبەری کوشتارگەی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "رۆژانە زیاتر لە 12 کاتژمێر لە ئەرک و کارکردن داین، بۆ ئەوەی گۆشتێکی پاک و تەندروست بگەیەنینە دەستی هاووڵاتییان".

گوتیشی: "ئەو ئاژەڵانەی لێرە سەر دەبڕێن، ئاژەڵی خۆماڵی و هاوردەن، زیادبوونی رێژەی سەر بڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ پەیوەندی بە ژیان و ئابووری خەڵکەوە هەیە".

رۆژانە لە هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 ئاژەڵی گەورە و زیاتر لە 200 ئاژەڵی بچووک سەردەبڕێن، هەروەها ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار ئاژەڵ بە هەموو جۆرەکانیەوە لە جەژنی قوربان سەردەبڕدرێن، بەپێی ستانداردی جیهانیش  هەر تاکێک رۆژانە پێویستی بە 20 گرام گۆشتی سوور هەیە.