زیقار.. باوكێك كوڕه‌كه‌ی خۆی ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌دات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چووه‌ته‌ ناو خۆپیشاندان

به‌ ڤیدیۆ.. منداڵه‌كه‌ له‌ تاو ئازاره‌كه‌ی هاوار ده‌كات و باوكه‌كه‌ش له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی به‌رده‌وامه‌، هه‌ر به‌وه‌ش ناوه‌ستێت، وه‌كو سوكایه‌تییه‌ك قژی ده‌تاشێت
منداڵه‌كه‌ به‌ قاچێكی هه‌ڵواسراوه‌ و باوكه‌كه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌دات
منداڵه‌كه‌ به‌ قاچێكی هه‌ڵواسراوه‌ و باوكه‌كه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌دات

K24 - هه‌ولێر:

باوكێك له‌ پارێزگای زیقاری‌ باشووری عێراق، منداڵه‌كه‌ی خۆی به‌ سه‌قفی ماڵه‌كه‌ی به‌ستووه‌ته‌وه‌ و به‌ سۆنده‌یه‌ك لێی ده‌دات و منداڵه‌كه‌ش له‌تاو ئازاره‌كه‌ی هاوار ده‌كات.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، منداڵه‌كه‌‌ قاچی به پانكه‌ی ماڵه‌كه‌یان هه‌ڵواسراوه‌ و باوكه‌كه‌شی به‌ توندی ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌دات، منداڵه‌كه‌ هه‌رچه‌ند هاوار ده‌كات و ده‌پاڕێته‌وه‌، به‌ڵام باوكه‌كه‌ له‌ لێدان ناوه‌ستێت.

له‌ گرته‌یه‌كی دیكه‌، كه‌ هه‌ر له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باوكه‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر ئه‌شكه‌نجه‌ی منداڵه‌كه‌ی خۆی ده‌دات، دواتر وه‌كو سزا و سووكایه‌تییه‌ك قژی ده‌تاشێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیسانه‌وه‌ ده‌یست به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی ده‌كاته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی كۆمه‌ڵه‌ی پاراستن و گه‌شه‌پێدانی خێزان،‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئه‌و منداڵه‌ له‌لایه‌ن باوكی، به‌هۆی به‌شداریكردنی بووه‌ له‌ خۆپیشاندانێك دژی ئه‌فسه‌رێكی پله‌ باڵای ناسریه‌، روونیشكرده‌وه‌‌، گرته‌ ڤیدیۆییه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ منداڵێك له‌سه‌ر پردێكی ناسریه‌ تایه‌یه‌كی ئۆتۆمبێل ده‌سووتێنێت و جوێنیش به‌ فه‌رمانده‌ی پۆلیسی شاره‌كه‌ ده‌دات، ئه‌مه‌ش وای له‌ باوكه‌كه‌ كردووه‌، كاردانه‌وه‌ی بۆ ره‌فتاری منداڵه‌كه‌ی هه‌بێت و ئه‌شكه‌نجه‌ی بدات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كراوه‌، باوكه‌كه‌ ویستوویه‌تی به‌م شێوه‌ توندوتیژییه‌ فه‌رمانده‌ی پۆلیسی شاره‌كه رازی بكات و داوای لێبوردنی لێبكات، به‌ڵام چالاكوانانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گرته‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دانی منداڵه‌كه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ هیوایه‌ی ببێته‌ فشارێك له‌سه‌ر باوكه‌كه‌ و رووبه‌ڕووی یاسا بكرێته‌وه‌.