نەخشە تازەکە و کورد

Kurd24

نەخشەڕێگا تازەکە، خەریکە رووندەبێتەوە، دەشێت تێزی بەڕێوەبردنی تەقلیدیی وەلائی و فرە دیدیی بگۆڕێت بۆ ئاستێک لە دەوڵەتی سیستماتیک، گروپی سیاسی بەهێز عێراق بەڕێوەببات لەبری فیرقە و هێزی لۆکاڵیی و حیزبەڵایی و نوجەبایی و عەسائیبی بچوک، دەشێت ئیدی پەرچەمی هاوپەیمانێتییە گەورەکان حیزب و ئایدۆلۆژیاکان بەتەواوی کاڵ بکاتەوە و کاریزمای نوێ لەو نەخشە تازەیە لەدایکبێت.

رەنگە حیزب وەک ئامرازی دیموکراسی تەقلیدیی بمێنێت، بەڵام ئەو رۆڵە ستراتیژییەی نەمێنێت، لەبری ئەوە هێزی گەورە و کاریزماتیک قسەکەربن بۆ ئایندەی عێراق، ئەوەش هەم وڵاتانی میحوەر بە سوننە و شیعەوە، هەم هاوپەیمانان بە ئەوروپا و ئەمه‌ریکاوە، کۆکن لەگەڵییدا، بۆیە دەستکاری نەخشەو رەنگەکان و بەرژەوەندییەکان لە ناوخۆی عێراقدا کاری حیزب و ئایدۆلۆژیای ناوچەیی نابێ ئیتر.

گۆڕینی ریشەیی دۆخی عێراق و ئازادییەکان و پایەکانی ئەم دەوڵەتە وەستاوە لەسەر دیفاکتۆی سیاسی و بەهێزی و یەکگرتوویی هاوپەیمانێتی و بلۆکەکان لەلایەک و بەردەوامیی دۆستایەتیی واشنتۆن و تاران لە لاکەی دیكه‌، بەتایبەتی دەرەنجامی کۆبوونەوەکانی ڤیەننا و ئایندەی چەکی ئەتۆمی ئێران و هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاستبەرز.

وەک دەزانرێت ؛

گفتوگۆکانی گروپی 5+1 و ئێران لە ڤیەننا، بۆ یەکەمجار لە 14ی تەمموزی 2015 لەسەردەمی سەرۆک باراک ئۆباما واژووی لەسەرکرا. لە ئایاری 2018 لە سەردەمی سەرۆک دۆناڵد ترامپ هەڵوەشایەوە و لەسەردەمی سەرۆک جۆو بایدن ناڕاستەوخۆ زیندوکراوەتەوە و بەرەو کۆبوونەوەی نۆهەم دەڕوات.

بۆیە کشانەوەی ئەمه‌ریکا و پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و سەرهەڵدانەوەی جموجوڵەکانی داعش، پرسێکی تا رادەیەک کەنار و سەتحییە و بە تونێلی ملکەچپێکردنی تاران و ئارامیی عێراقدا دەڕوات.

ئەوە بچێتە پێش، رەنگە عێراق بەرەو سەقامگیرییەک بڕوات لەبری حیزب و ئایدۆلۆژیای تاکڕەویی سەربازی و گرووپی کەتیبەی حەشدزادە، هاوپەیمانێتی و کوالیسیۆنی مەدەنی فرەڕەنگ دروست بێت و بەڕێوەیبەرێت لە نەخشە تازەکەدا، ئەو تێزەی سەماحەتی موقتەدا سەدر بانگەشەی بۆدەکات لە خۆڕا نییە و تاڕادەیەک نزیکە لەم خەونەوە، حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی فرەڕەنگ نەخشە تازەکەیە، لەبری سازانی فرەحیزبی و بەرتەسک و فەوزای ئایدۆلۆژیی ناوچەیی، بە کورتی تێزی رازییکردنی هەموو کەس لەسەر ئابووری و ئەمنیەتی عێراق کۆتایی هاتووە.

ئێستا بەشێکی حیزب و کاراکتەرە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان لە بەردەرگای کابینەی نوێدا کۆمەڵ بە کۆمەڵ وەستاون بۆ چوونە ژوورەوەی هۆڵەکە و وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیارێتییەکان، ئەو بەشە ترسی گەورەیان هەیە بۆ لێپرسینەوە و دادگاییکردنیان لە داهاتووی ئەو نەخشەیەدا. واتا بەشداریی حکومی بەکاردەهێنن وەک قەڵغان و خۆپارێزیی و مانەوەیان لە دیزاینی ئایندە، بەڵام پێناچێ بەو دۆخەشەوە بمێننەوە، بەشەکەی دیكه‌ لەناو هاوپەیمانێتییە گەورە و ستراتیژییەکاندان و بۆ ئەوانیش ئاسان نییە بتوانن زەمینەی ریفۆرمێکی گشگیر دروست بکەن، کە بەشی ئەوانی دیكه‌ نەدەن بەبێ ئیرادەی نێودەوڵەتیی.

لە عێراق ئەوەی هەیە لەگەڵ دەسەڵاتە و چەک و هێزی هەیە و ئۆپۆزسیۆن و رەقیب نییە، هێشتا لە عێراق بیر و زهنیەتی دەستاودەستی دەسەڵات و کورسی و ئۆپۆزسیۆنی جددی دروست نەبوە و لەبەرامبەردا کەڵکەڵەی فاشیزم و سڕینەوەی ئەوی دیكه‌ و کۆدێتا بازاڕی گەرمە و دەبێ بوەستێت.

هێزێک شک نابەیت لەو عێراقە بەدەنگی بەرز بچێتە پاڵ ئەجێندای شەقام و خۆپیشاندەران و وەک ئۆپۆزسیۆن خۆی بناسێنێت بۆ چوار ساڵی ئایندە و رەقیبی دەسەڵات بێت. هێزی راستەقینەی ئایدۆلۆژیی بەهێز لە گۆڕەپانەکەدا نەماوە بۆ سیاسەتکردنی دروست و جوڵاندنی شەقام.

دوو گەورەترین بلۆکی شیعیی وەلائی و تائیفیی، کە بریتیین لە تەیاری سەدریی و چوارچێوەی هەماهەنگیی کە سوننەشیان لەگەڵدایە و کوردیشیان بەسەردا دابەش بووە یەکی زیاتر لە هەشتا بۆ سەد کورسی گرووپەکانیان لایە، هیچیان زاتی ئەوە ناکەن نەچنە ناو حکومەت و بۆ چوار ساڵ چاودێر و پاسەوان و ئۆپۆزسیۆن بن بەسەر دەوڵەتەوە، چونکە ترسیان هەیە لە ئایندەی خۆیان، کە ئەوەی بەدەست هاتووە لە کیسیان بچێ و بۆیان نەگەڕێتەوە، چونکە دۆخی دیموکراسی و هەڵبژاردن هەرگیز لە قازانجی ئەو هێزە چەکدارانەدا نییە.

بەڵام بۆ کورد دەرەنجامی هەڵبژاردن و کورسییەکانی نوێنەرایەتی بەس نییە، بەڵکو هەنگاوەکانی ئایندەی تیمی دانوستانکاری کوردی و ئاشتەوایی ماڵی کوردیی گرنگن، کە چۆن لەگەڵ ئەو نەخشەیەدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن بە ئاراستەی:

* خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی سیاسیی و نەخشەی نوێ بە وەرەقەی گرەنتی کراوی نوسراو.

* دۆزینەوەی دەریچەی یاسایی و دەستووریی بۆ زامنکردنی مافەکانی گەلی کورد و رێگرتن لە هەژموونگەرای زۆرینەی په‌رلەمانیی-نوێنەرایەتیی، تاوەکو دەستکاری و هەمواریی دەستووریی نەکرێت.

* تەکنیکی دانوستانکردن لە دەرەوەی پەرلەمان و چوونە نێو ئیجماعە گەورەکان گرنگە بەو مەرجەی لەداهاتوو کورد بە سەنگی کورسییەکانی مامەڵەی لەتەک نەکرێت.

* گەمە و مانۆڕی سیاسیی بە کارتەکان و خۆگونجاندن گرنگە لەگەڵ هێزی گەورە و میحوەریی و بلۆکە ئیقلیمییەکان.

* لەگەڵ پاراستنی پێگە و دیبلۆماسیەتی کوردیی لەسەر بنەمای پاوەر و هێز و تەوافوقاتی بازرگانیی و ئیدارەدانی باشتر لە هەرێمی فیدراڵ.