جگه‌ له‌ مێسی هیچ یاریزانێك ئاماره‌كانی هێنده‌ی ئاداما تراورێ باشتر نییه‌

ئاداما تراورێ یاریزانی نوێی یانه‌ی بارسێلۆنا
ئاداما تراورێ یاریزانی نوێی یانه‌ی بارسێلۆنا

ئاداما تراورێ یاریزانی نوێێ یانەی بارسێلۆنا یەکێکە لە یاریزانە هەرە تایبەت و جیاوازەکانی جیهان، سەرەڕای جەستە پتەو و بەهێزەکەی رەتیدەکاتەوە یاریی لەشجوانی کردبێت و پێش هەر یارییەکیش دەبێت جەستەی بە زەیت چەور بکات بۆ ئەویە لە یارییەکان تووشی پێکان نەیەت، ئاداما تراورێ بە یاریکردن بە یاریزانانی بەرامبەر و بڕینی یاریزانان بەناوبانگە جگە لە مێسی هیچ یاریزانێکی دیکە ناتوانێت شان لە شانی بدات.

ئەستەمە بڕوا بکەن بەڵام یاریزانە نوێیەکەی بارسێلۆنا چەند ساڵێک لەمەوبەر جەستەی بەمشێوەیە بوو، ئاداما تراورێ کاتێک ساڵی ٢٠١٥ ریزەکانی بارسێلۆنای بەرەو ئاستۆن ڤیلا بەجێهێشت جەستەی بەمشێوەیە لاواز بوو، کەچی ئەو یاریزانە ئیسپانییە کە دەرچووی ئەکادیمیای لاماسیایە ئێستا وەکو وەحشێک بە جەستەیەکی پتەو و بەهێز گەڕاوەتەوە بارسێلۆنا.

ئاداما تراورێ یەکێکە لە تایبەتترین و جیاوازترین یاریزانی ئێستای ئەوروپا و جیهان، ئەم یاریزانە بە رەسەن مالییە بە جەستە پتەو و بەهێزەکەی و خێراییەکەی هەمووانی شۆک کردووە، بەشێک لە یاسا فیزیاییەکانی بەدرۆ خستووەتەوە.

هەر کەسێک جەستەی یاریزانە نوێیەکەی بارسێلۆنا ببینێت یەکسەر بیری بۆ هۆڵەکانی لەشجوانی دەچێت، بەڵام تراورێ چەند جارێک نکۆڵی لەوە کردووە لە یاریزانە ئاساییەکانی تۆپی پێ زیاتر یاریی لەشجوانی کردبێت، تراورێ چەند جارێک دووپاتیکردووەتەوە کە هیچ یارییەکی لەشجوانی نەکردووە و ئەو ماسوڵکانەی پەیدای کردوون بۆ ماوەیین و دەرەنجامی راهێنانی قورسی هۆڵەکانی لەشجوانی نین.

سەرەڕای ئەوەی جەستەیەکی پتەوی هەیە، تراورێ کێشێکی سووکی هەیە و یەکێکە لە خێراترین یاریزانەکانی جیهان، لەو چەند ساڵەی لە پرێمەرلیگ یاریی دەکرد یەکێک بوو لە پێنج خێراترین یاریزانەکانی پرێمەرلیگ، کێشی تەنیا ٧٢ کیلۆگرامە و چوار کیلۆ کێشی لە سێرخیۆ بۆسکێتس کەمترە.

ئاداما تراورێ له‌ 3 سه‌رده‌می جیاواز له‌گه‌ڵ ئاسته‌كانی بارسێلۆنا
ئاداما تراورێ له‌ 3 سه‌رده‌می جیاواز له‌گه‌ڵ ئاسته‌كانی بارسێلۆنا

 

بڵدۆزەرەکەی پێشووی وۆلڤەرهامتن کە بە خواستن تا کۆتایی ئەم وەرزە پەیوەندی بە ریزەکانی بارسێلۆنا کردووە، بەهۆی خێراییەکەی چوار جار تووشی لێکدەرهاتنی جومگەکانی شان و قۆڵی بووە، بۆیە بەمدواییانە دەستەی پزیشکی یانەی وۆلڤەرهامتن بە زەیت جەستەی ئەو یاریزانە ئیسپانییەیان چەور دەکرد، تاکو بتوانێت بە ئاسانی یاریزانانی تیپی بەرامبەر ببڕێت و نەتوانن بیگرن و تووشی پێکان نەبێت، چونکە هەمیشە بەرگریکارەکان هەوڵیان دەدا قۆڵی بگرن و ئەمەش دەبووە هۆی لێکدەرهاتنی جومگەکانی.

تراورێ لە یاریکردن بە یاریزانانی تیپی بەرامبەر یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، لەم وەرزەدا ٩١ جار یاریی بە یاریزانانی تیپی بەرامبەر کردووە لەکاتێکدا ڤینیسیۆس جۆنیۆر تەنیا ٦٢ جار یاریی بە یاریزانانی بەرامبەر کردووە، جگە لە لیۆنێل مێسی هیچ یاریزانێک لەسەر ئاستی پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا لە وەرزی ٢٠١٨/٢٠١٩وە لە تراورێ زیاتر یاریی بە یاریزانانی تیپی بەرامبەر نەکردووە.