گەنجێک 5 هەزار دۆلار لە ئێلۆن مەسکەوە رەت دەکاتەوە

پارەکە لەبەرامبەر سڕینەوەی هەژمارێکی تویتەر بووە
ئێلۆن مەسک
ئێلۆن مەسک

K24 - هەولێر:

هەژمارێکی تویتەر کە چاودێری فڕۆکە تایبەتەکەی ئێلۆن مەسک دەکات، لەلایەن گەنجێکی تەمەن 19 ساڵەوە دروست کراوە و ئێلۆن مەسک بۆ سڕینەوەی هەژمارەکە 5 هەزار دۆلاری داوەتێ، بەڵام گەنجەکە پارەکەی رەت کردۆتەوە. 

Jack Sweeney، گەنجێکی 19 ساڵە و دانیشتووی ویلایەتی فلۆریدایە، ئەو گەنجە بە دروستکردنی بەرنامەیەك کە لە ئینتەرنێتەوە چاودێری گەشتەکانی فڕۆکە تایبەتەکەی ئێلۆن مەسک دەکات، تەواوی چالاکیەکانی فڕۆکەکە لە تویتەر بڵاو دەکاتەوە.

هەژمارەکە بەناوی "ElonJet"ـەوەیە و نوێترین جوڵە و گەشتەکانی فڕۆکەکەی ئێلۆن مەسک بڵاو دەکاتەوە و زیاتر لە 205 هەزار فۆڵۆوەری هەیە.

Jack Sweeney (19 ساڵ)
Jack Sweeney (19 ساڵ)

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "CNN"، ئێلۆن مەسک داوای لێکردووە هەژمارەکە بسڕێتەوە و گووتەیەتی مەترسی لەسەر سەلامەتی گەشتەکانی دروست دەکات، لەبەرامبەریشدا 5 هەزار دۆلاری پێشکەش کردووە، بەڵام جاک بەو بڕە پارەیە رازی نەبووە و داوای 50 هەزار دۆلاری کردووە.

جاک باسی لەوەش کردووە کە بەو پارەیە دەتوانێت خەرجی خوێندنی زانکۆی دابین بکات یان ئۆتۆمبێلێکی تێسلای پێ بکڕێت، لەهەمانکاتدا ئەوەشی خستەروو، کە چەند هەژمارێکی دیکەی تویتەری هەیە و هەریەکێکیان تایبەتە بە فڕۆکەی سەرمایەدارێکی جیهان، لەوانە جێف بیزۆس و بیڵ گەیتس.   

مەسک تا ئێستا وەڵامی دوایین نامەی جاکی نەداوەتەوە و هەژمارەکەش وەک پێشوو تویتەکانی خۆی دەکات.

ئێلۆن مەسک لە 28ـی حوزەیرانی 1971 لە ئەفریقای باشوور لەدایکبووە، دامەزرێنەری هەردوو کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکسە و بەهۆی ئەو قازانجە زۆرەی لەم ساڵانەی دواییدا لە رێگەی کۆمپانیاکانیەوە کردوویەتی، بووەتە دەوڵەمەندترین سەرمایەداری جیهان.

H.H