لە هەرێمی کوردستان خواست بۆ دراوە ئەلیکترۆنییەکان زیاد دەکات

لە رووی ئایینییەوە " تائێستا فتوایەکی جێگیری لەسەر نییە"
بیتکۆین
بیتکۆین

K24 - هەولێر

لە دەستپێکی ئەمساڵەوە بیتکۆین نزیکەی نیوەی بەهاکەی لەدەستدا، ئەوەش وایکرد دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی دابەزن، بەڵام بەشێکی زۆری شارەزایان پێیانوایە ئەو دابەزینە کاتیە و دەرفەتە بۆ کڕین، لە هەرێمی کوردستانیش خواست بۆ دراوە زیادیکردووە بەشێکی زۆری مامەڵەکاران قازانجیان کردووە لە بەرامبەردا زیانیش هەبووە، سەرەڕای ناکۆکییەکان لە رووی ئایینییەوە، بەڵام مامۆستایەکی ئایینی دەڵێت: تاوەکو ئێستا فتوایەکی کۆنکرێتی لەبارەی مامەڵەکردنی نەدراوە.

سەرەڕای ناجێگیری بەهاکەی و بەرزبوونەوە و داکەوتنە نائاساییەکانی، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ خواست بۆ دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە بەرزبوونەوەیە، بەشێکی زۆر لە مامەڵەکاران وەک دەرفەتێک بۆ قازانجکردن کڕیویانە،. هەرێمی کوردستانیش بە دەر نییە لەو مامەڵەیە و رۆژ لە دوای رۆژ مامەڵەکاری نوێ زیاددەبن و بڕوایان وایە داهاتوو بۆ دراوە ئەلیکترۆنییەکانە.

کۆژان موحسین، شارەزای دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "قەبارەی بازاڕی دراوە ئەلئکترۆنییەکان لە هەرێمی کوردستان لە زیادبوون دایە، خەڵکی زۆر دەیانەوێت بە دراوی ئەلیکترۆنی سەرمایەگوزاری بکەن لە بازاڕە داراییەکان، هۆکارەکەشی ئەوەیە رێگاکانی ئاسانترە لە بازاڕەکانی دیکە، هەروەها مامەڵە پێوەکردن و قازانج و زیانەکانی".

گوتیشی: "زیانەکانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان بەو دراوە بە دوو ملیۆن دۆلار دەخەملێندرێت".

بەهۆی ئەوەی مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنی نوێیە، تاوەکو ئێستا شارەزایانی ئایینی کۆدەنگییەکیان نییە لەسەر مامەڵەکردنی، مامۆستایەکی ئایینی دەڵێت فتوایەکی جێگیری لەسەر نەدراوە.

لەوبارەوە د. بەشیر حەداد، مامۆستای ئایینی بە کوردستان24ی گوت: "مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان، چونکە نوێیە تائێستا فەتوایەکی جێگیری لەسەر نییە، ئەوەی هەیە تەنها مامەڵەکردن پێیەوە قەدەغە کراوە، تەنها بە چەند مەرجێکی قورسەوە نەبێت، بۆ فتوا دان لەسەری پێویستە بگەڕێنەوە لیژنەی فتوا و یەکێتی زانایان و پسپۆرانی ئایینی ئیسلامی، دیراسەیەکی وردی لەسەر بکرێت و بەپێی لێکۆڵینەوەکە فتوای لەسەر بدرێت".

نزیکەی 10 هەزار 200 دراوی ئەلیکترۆنی لە بازاڕەکان  هەیە، بەڵام ئەوانەی مامەڵەیان پێوەدەکرێت ژمارەیان زۆر کەمە، قەبارەی بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە ترلیۆنێک و 600 ملیار تاوەکو 2 ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار دەخەملێندرێت. لە زۆربەی وڵاتان مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان نا یاساییە تەنیا سلڤادۆر نەبێت وەک یەکەم و تاکە وڵات مامەڵەکردن بە بیتکۆینی ئاسایی کردووە.