كازمی: ژماره‌یه‌ك تیرۆرستی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدامان ناسیوه‌ته‌وه
K24- هه‌ولێر:
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ستیان به چه‌ند سه‌ره‌داوێك له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا گه‌یشتووه و ژماره‌یه‌ك تیرۆرستی ئه‌و هێرشه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه.
ئه‌م گوتانه‌ی كازمی له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا هاتووه و گوتی: "هه‌فته‌ی رابردوو رووداوێكی نه‌خوازراو روویدا، كاتێك گرووپێكی سه‌ر به هێزه‌كانی له‌ده‌وڵه‌ت به‌ده‌ر هێرشێكی تیرۆرستی و ترسنۆكانه‌یان بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا ئه‌نجامدا".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و گرووپانه په‌یڕه‌وی بنه‌مای تیرۆر ده‌كه‌ن و هه‌مان شێواز و ئامرازه‌كانی گرووپه تیرۆرستییه‌كان به‌كارده‌هێنن".
كازمی دووپاتیكرده‌وه، "پێویسته سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌كان به ته‌واوی ئاراسته سیاسییه جیاوازه‌كانیانه‌وه گوته و كرده‌وه‌یان له دژی ئه‌و گرووپانه یه‌كبخه‌ن و هیچ شوێنێك بۆ بۆ تیرۆر به ته‌واوی جۆر و شێواز و پێكهاته‌كانیانه‌وه له عێراق نییه".
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتی: "هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ستیان به چه‌ند سه‌ره‌داوێكی كرده‌یی گه‌یشتووه و ژماره‌یه‌ك تیرۆرستی ناسیوه‌ته‌وه، كه له هێرشی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا تێوه‌گلاون و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش له‌وباره‌یه‌وه به‌رده‌وامن".
گوتیشی: "هه‌موو گه‌لی عێراق دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه، كه ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له پشت ئه‌و هێرشه بوون، ده‌ستگیرده‌كرێن و به‌بێ جیاوازی سه‌رجه‌میان سزای خۆیان وه‌رده‌گرن، هیچ لایه‌نێكیش پێگه‌كه‌ی له هه‌ر ئاستێك بێت، ناتوانێت پارێزگاری له‌و تاوانبارانه بكات یان داڵده‌یان بدات و بیانشارێته‌وه".
H.B