"مانگی رابردوو عێراق بایی 8 ملیار دۆلار نه‌وتی فرۆشتووه"
K24 - هەولێر:
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، داهاتی مانگی رابردوو ( كانوونی دووه‌م – یه‌نایه‌ر) نه‌وتی خام، 8 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بوو.
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، له مانگی رابردوودا عێراق بایی 8 ملیار دۆلار نه‌وتی فرۆشتووه‌ته بازاڕه‌كانی جیهان، نرخی هه‌ر به‌رمیلێكیش 83.246 دۆلاری بۆ دیاریكراوه.
وه‌زاره‌تی نه‌وت روونیكرده‌وه، به گوێره‌ی ئاماره‌كانی كۆمپانیای فرۆشتنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆ)، ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خام بۆ یه‌ك مانگ گه‌یشتووه‌ته 99 ملیۆن و 286 هه‌زار و 78 به‌رمیل، داهاته‌كه‌شی گه‌یشته 8.27 ملیار دۆلار.
وه‌زاره‌تی نه‌وت ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وت له كێڵگه نه‌وتییه‌كان به‌مشێوه‌یه بوون:
له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق 96 ملیۆن و 430 هه‌زار و 596 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده كراوه.
له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی كه‌ركووك به‌ره‌و به‌نده‌ری جه‌یهان، 2 ملیۆن و 545 هه‌زار و 656 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده كراوه.
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رێژه‌ی هه‌نارده‌ی رۆژانه‌ی نه‌وتی ئاشكرا كرد، كه بریتییه له 3 ملیۆن و 203 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، به نرخی 83.246 دۆلار ده‌فرۆشرێته بازاڕه‌كانی جیهان.