وێنەی مندڵێکی تەمەن 4 ساڵ هەرای نایەوە
k24 - هەولێر:
بەهۆی وێنەیەکەوە دادگا دوو منداڵی لەدایکیان جیاکردەوە، لە وێنەکەدا منداڵێکی تەمەن 4 ساڵ نێرگەلە دەکێشێت و چەکێک لە نزیکیەوە دانراوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "لبنان24"، منداڵی ناو وێنەکە ناوی "ئەدهەم محەمەد سابر"ـە و تەمەنی 4 ساڵە و خوشکەکەی ناوی "حەوائـ"ـە، بەهۆی خراپ بەخێوکردنیانەوە لەلایەن دایکانەوە، دادگا بڕیاریدا لە دایکیان جیا بکاتەوە و مافی بەخێوکردنی منداڵەکانی دایە داپیریان.
دایک و باوکی منداڵەکە پێشتر جیاببوونەوە و دادگا مافی بەخێوکردنی منداڵەکانی دابووە دایکیان.
کەیسی جیابوونەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2021، بەڵام بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی ئەدهەم محەمەد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە تێیدا نێرگەلە دەکێشێت و چەکێک لە نزیکیەوە دانراوە، کەیسێکی دیکەی دروست کرد و دادگا وێنەکەی بە خراپ بەخێوکردن و لێكدایەوە و دایکیانی تۆمەتبار کرد بەوەی منداڵەکانی خستۆتە مەترسیەوە.
بە بڕیاری دادگا منداڵەکان چیتر لەگەڵ دایکیان ناژین و مافی بەخێوکردنیان درایە داپیرەی منداڵەکان.