رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی: دیمه‌شق له هێرشی ساڵی 2016 مادده‌ی كلۆری به‌كارهێناوه
K24- هه‌ولێر:
له راپۆرتێكدا رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی (OPCW) رایگه‌یاند، دیمه‌شق له هێرشه‌كه‌ی ساڵی 2016 بۆ سه‌ر ناوچه‌یه‌كی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزسیۆنی ئه‌و وڵاته، مادده‌ی كلۆری به‌كارهێناوه.
له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه دراوه، هێرشه‌كه له سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2016 له نزیك نه‌خۆشخانه‌یه‌كی مه‌یدانی له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌دێی كه‌فر زه‌یتا له سنووری پارێزگای حه‌ما ئه‌نجامدراوه و به‌هۆیه‌وه 20 كه‌س تووشی نه‌خۆشی ئه‌سته‌می هه‌ناسه‌دان بوونه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و راپۆرته، "ژماره‌یه‌ك شایه‌تحاڵ بینیویانه، فڕۆكه‌یه‌ك له ئاسمانی ئه‌و ناوچه‌یه ته‌نێكی هه‌ڵداوه‌ته خواره‌وه و لێكۆڵه‌رانی رێكخراوه‌كه‌یان توانیویانه بوتڵێكی دروستكراوی تایبه‌ت به مادده‌ی كلۆر له شوێنی هێرشه‌كه بدۆزنه‌وه".
هه‌روه‌ها ئاشكرایكردووه، "به پشتبه‌ستن به داتای ژماره‌یی و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له شایه‌تحاڵه‌كان، لێكۆڵه‌رانی رێكخراوه‌كه توانیویانه هه‌موو گومانه‌كان بڕه‌وێننه‌وه و ئه‌و راستییه پشتڕاست بكه‌نه‌وه، كه ئه‌و بوتڵه له هێرشی ئۆكتۆبه‌ری 2016 به‌كارهاتووه و مادده‌ی كلۆری تێدا بووه".
دوای ده‌ركردنی راپۆرته‌كه‌ش، له به‌یاننامه‌یه‌كدا رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی باسی كاری شاندی لێكۆڵه‌ره راسپێردراوه‌كانی بۆ لێكۆڵینه‌وه له هێرشه كیمیاییه‌كان له سووریای كردووه و گوتی: لێكۆڵینه‌وه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، كه "ئه‌و بوتڵه‌ی دۆزیویانه‌ته‌وه هۆكاری به‌هێزه بۆ پشتڕاستبوونه‌وه له به‌كارهێنانی كلۆر وه‌ك چه‌ك له‌و هێرشه‌دا".
رێكخراوه‌كه جه‌ختی كرده‌وه، "شایه‌تحاڵه‌كان جه‌ختیان له‌وه كردووه‌ته‌وه، به‌ر له‌و هێرشه‌ی كرایه سه‌ر ناوچه‌یه‌كی كشتوكاڵی، كه ژماره‌یه‌ك گروپی به‌رهه‌ڵستكار لێی كۆببوونه‌وه، هێلیكۆپته‌رێكیان بینیوه له فڕۆكه‌خانه‌ی حه‌مای ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی حكومه‌ت هه‌ڵفڕیوه، له‌كاتی هێرشه‌كه‌دا ئه‌ندامانی ئه‌و گرووپانه خۆیان له ئه‌شكه‌وته‌كاندا شاردبووه‌وه".
ژماره‌یه‌ك له شاهێدحاڵه‌كان ئاشكرایانكردووه، "دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م ئه‌و فڕۆكه‌یه دوو به‌رمیلی ته‌قه‌مه‌نییان هه‌ڵداوه‌ته خواره‌وه"، له‌كاتێكدا به‌شێك له شاهێد حاڵه‌كان گوتوویانه: "ئه‌وان ته‌نها یه‌ك به‌رمیلیان بینیوه، كاتێك له هێلیكۆپته‌ره‌كه هه‌ڵدراوه‌ته خواره‌وه".
پێشتریش له مانگی 12ی ساڵی رابردوو رێكخراوی ناوبراو له راپۆرتێكی دیكه‌دا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه، كه هێرشی ساڵی 2018ی هێزه‌كانی حكومه‌تی سووریا بۆ سه‌ر شاری سه‌راقب، له‌ڕێگه‌ی گازی كلۆره‌وه ئه‌نجامدراوه، كه به چه‌كێكی كیمیایی داده‌نرێت و به‌كارهێنانی له‌سه‌ر ئاستی جیهان قه‌ده‌غه‌یه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، پێشتر چه‌ندین جار حكومه‌تی سووریا ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی رتكردووه‌ته‌وه، كه له‌باره‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو له دژی خه‌ڵكه‌كه‌ی و گرووپه‌كانی به‌رهه‌ڵستكاری حكومه‌ت ئاراسته‌ی ده‌كران و هه‌میشه جه‌ختی له‌وه ده‌كرده‌وه، دوای رێككه‌وتنێك له ساڵی 2013 له‌گه‌ڵ رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی، ئه‌وان هه‌موو كۆگاكانیان خستووه‌ته ژێر سه‌رپه‌رشتی نێوده‌وڵه‌تی.
H.B