دۆخی زمان لە ئێران لە پێش و پاش شۆڕشی 1979

Kurd24

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە رژێمی پەهلەوی لە ساڵی 1979، بە زۆر بەڵێن و وەعیدەوە و بۆ گۆڕانکاری لە هەموو ئاستەکانی ژیانی ئێرانییەکان، رژێمی کۆماری ئیسلامی دەستەڵاتی گرتەدەست.

ئەم بابەتە باسی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییە زمانییەکانی رژێمەکانی ئێران ده‌كات. ئەم بابەتە بە تایبەتی جیاوازی دەخات لە نێوان ئەو سیاسەتە زمانییانەی کە رژێمەکانی ئێران گرتوویانەبەر بەرانبەر بە زمانە ناوخۆیی و زمانە دەرەکییەکان.

مەبەست لە زمانە ناخۆییەکان زمانەکانی نەتەوە جیاوازەکانی خەڵکی ئێرانە، وەکو فارسی، کوردی بەلوچی، تورکی ئازەری و عەرەبی. مەبەست لە زمانە دەرەکییەکان ئەو زمانانەیە، کە بە هۆی گرنگییانەوە، وەکو سەرچاوەی دینی و زانستی، لە سیستەمی پەروەردەی ئێران گۆنجێنراوە، بۆ نموونە عەرەبی و ئینگلیزی.

لە باسی سیاسەتە زمانییە ناوخۆییەکان کەڵک لە لێکۆڵینەوەیەکی پرۆفیسۆر جەعفەر شەیخولئیسلامی وەردەگرین، کە باسی دۆخی زمانی کوردی لە ئێران ده‌كات.

لێکۆڵینەوەکەی شەیخولئیسلامی بە ناونیشانی: کوردی لە ئێران: کەیسێکی سنووردارکراو و لێبووردەییەکی لەژێرچاودێریدا، ئەوە دەر دەخات، کە هەرچەند سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تا رادەیەکی کەم باشترە بەراورد بە رژێمەکانی پێشتر، بەڵام لە ریشەوە لە ئاستی کەمینەکاندا هەرهەمان سیاسەتی دەستەڵاتدارانی کۆنی ئێران بەردەوامی پێدەدات.

لێکۆڵینەوەکە سەرەتا لە رەهەندی تیۆرییەوە دەست پێدەکات. کاتێک کە دەوڵەت-نەتەوەسازی وەکو مۆدێلێکی سەرکەوتوو لە ئەوروپادا دەرکەوت، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک و نەتەوەیەکی یەکدەستکراو، زمانێکی هاوبەش بۆ هەموو تاکەکان بە پێویست زانرا.

 بەم سیاسەتە، زمانی چینی دەستەڵاتدار کرا بە زمانی پەروەردە و بووە یاسا، کە سەرجەم کەمینەکانی تر لەسەر ئەم زمانە پەروەردە بکرێن. ئەم مۆدێلە ئەوروپییە لە لایەن تورکیا و ئێران و وڵاتانی ترەوە وەرگیرا.

وەرگرتنی ئەم سیاسەتانە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز نەبوو. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەستی وڵاتانی فەرەنسا و بریتانیا بەش بەش کرابوو و دەستەڵاتدارانیشی هەر بە رەزامەندی ئەوان هاتبوونە سەر دەستەڵات.

رەزا شا لە ساڵی 1921بە کودەتایەک دەستەڵاتی گرتەدەست  و هەر لە سەرەتای جێگیربوونی رژێمی پەهلەوییەوە زمانی فارسی بەسەر هەموواندا سەپاند و مافی دەربڕینی بە زمانەکانی تر نەدا. هەرچەند لە سەردەمی موحەممەد رەزای کوڕی سیاسەتەکان تا رادەیەکی کەم نەرم کران، بەڵام رژێمی پەهلەویش لە ژێر ناونیشانی یەک وڵات و یەک زمان سیاسەتەکانی داڕشتبوو.

هەر لەسەر ئەمەش هەوڵدراوە، کە زمان و ناسنامەی ئەوانی تر لە زمانی فەرمی وڵات بتوێنرێتەوە. ئەم سەرکوتکارییانە و زۆر گەندەڵی و نالەباری تر ئێرانی بەرەو شۆڕشێکی سەرانسەری برد. بەشیک لە دەنگەکانی ناو شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ ئەوە بووە، کە هەموو لایەنەکان و کەمینەکان مافی خۆیان پێبدرێت. ئەمە بوو کە شۆڕش سەری گرت و کۆماری ئیسلامی دەستەڵاتی گرتە دەست.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە دەستوورێکی نوێی نووسی. لە ماددەی 19دا ئاوەها هاتووە: خەڵکی ئێران لە هەر عەشیرە و نەتەوەیەک بن مافی یەکسانیان هەیە و رەنگ و زمان و نەژاد و هاوشێوەی ئەمانە نابێتە هۆی بەرز گرتن و سەروەری لایەک.

هەروەها لە ماددەی 15 ئاوەها هاتووە: زمان و رێنووسی خەڵکی ئێران فارسیە. بەڵگە و نووسینە فەرمییەکان و پەرتووکەکانی پەروەردە دەبێت بەم رێنووس و زمانە بێت. بەڵام کەڵک گرتن لە زمانە ناوچەیی و نەتەوەییەکانی تر لە بڵاوکراوەکان و میدیاکان، وتنەوەی ئەدەبیاتی ئەوان لە قوتابخانەکان لەگەڵ زمانی فارسی ئازادە.

ئەم ماددە دەستوورییانە هەرچەند بۆ کەسانێک دڵخۆشییەک بوو بەراورد لەگەڵ رژێمەکانی پێشتر و بەراودیش لەگەڵ رژێمەکانی دراوسێی ئێران، بەڵام لە کردەدا لێکۆڵینەوەکەی شەیخۆلئیسلامی دەریدەخات، کە ئەمانە هەر هەمووی لە چوارچێوەیەکی دیار و بەستراودا بوون و هەمیشە چاویان لەسەری بووە کە کۆنترۆڵی بکەن. بۆ نموونە باسی چەند بڵاوکراوەی کوردی دەکات کە بۆ ماوەیەک بڵاوکراون و دێر یان زوو بە هۆکاری جۆراوجۆر داخراون.

هەروەها باسی ئەوە ده‌كات کە لە ساڵی 2003 چەند پەرلەمانتاری کورد وەزیری پەروەردەی ئەو کاتەیان رازی کردووە، کە زمان و ئەدەبی کوردی لە ئاستی باکالۆریۆس لە زانکۆی کوردستان لە سنە بوترێتەوە. بەڵام دوای زۆر ماندوو بوون و ئامادەکاری، وەزارەتی پەروەردە هەمووی هەڵوەشاندووەتەوە.

لە لێکۆڵینەوەکەی شەیخولئیسلامی ئەمە وەکو ئەنجام بە دەست دەگات، کە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەرچەند بە هەندێک ئازادی سنووردار - ئەوەش لە ناو دەستووردا - ویستوویە خۆی وەکو نوێنەرێکی ئیسلام جیاواز لە رژێمەکانی پێشووتر دەربخات. بەڵام لە کردەدا هەروەکو رژێمەکانی پێشووی ئێران بۆ ئەوەی دەستەڵاتی زمانی و فەرهەنگی خۆیان قایم رابگرن، سیاسەتی تواندنەوەی نەرم و یەواشی لە ئاستی کەمینەکان تری ئێران گرتووەتەبەر.

سیاسەتە زمانییە دەرەکییەکان

لێکۆڵینەوەکەی شەیخولئیسلامی زۆر بە جوانی و وردی کەیسی کوردی لە ئێران شیکردووەتەوە و نموونەیەکی باشی هێناوەتەگۆڕێ بۆ ئەوەی سیاسەتە زمانییە ناوخۆییەکان لە ئێران پیشان بدات. لە لایەکی دیكه‌وه‌ سیاسەتە دەرەکییە زمانییەکانی رژێمەکانی ئێران دەتوانن، کە زیاتر لە ئاڵۆزییەکانی سیاسەتە زمانییەکان دەربخەن. لە سەردەمی رژێمی پەهلەوی ئێران بە تەواوی سەربە رۆژئاوا بوو، بە تایبەتی ئەمریکا، کە ببووە هۆی ئەوەی زمانی ئینگلیزی لە ئێران بە زمانی دووەم بناسرێت.

تەنیا ئەوە نەبوو، کە زمانی دووەمی پەروەردە بێت، بەڵکو زمانی فەرهەنگێکی نوێ بۆ ئێرانییەکان بوو، کە خۆی بە شێواز و بەرهەمی جۆراوجۆر دەردەخست. هەر لە وەرگێڕانی نووسینەکانی رۆژئاواییەکان بگرە تا بگاتە مۆسیقا و هونەر و بەرهەمە فەرهەنگییەکانی تر. زمان دەست و دەوری زۆر کاریگەری لەمەدا هەبوو. هەرچەند ئەم پەرەسەندنە لەگەڵ ناسنامەی ئێرانی و ئێرانی بوون کێشەیەکی وای نەبوو، بەڵام لە لایەن پیاوە ئایینییەکانەوە بە دژایەتی ئایینی شیعە و فەرهەنگی ئێرانی ئیسلامی ناسێنرا.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە بە دژی ئەمریکا و سیاسەتەکانیدا چووەوە. ئیتر هەرچی لە ئەمریکا و بە ئەمریکاوە پەیوەندی هەبووبایە چاودێری لەسەر بوو و وردە وردە لە فەرهەنگی ئێرانییەکان دەسڕایەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا زمانی ئینگلیزی هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە بە قوتابیان دەوترایەوە لەگەڵ زمانی فارسی. وتنەوەی زمانی ئینگلیزی لە پۆلی یەکەمەوە نەبوو، بەڵکو لە ساڵەکانی کۆتایی قۆناغی سەرەتاییەوە بوو.

لە هەمان کاتیشدا هەروەکو سەردەمی پەهلەوی زۆر پەرتووک بە زمانی ئینگلیزی لە لایەن وەرگێڕەکانەوە بۆ فارسی وەردەگێڕدرا. هەروەها زانستە رۆژئاواییەکان بە تایبەتی زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەوری زۆریان پەیداکردبوو لە زانکۆکان. تا ئەوەی کە لە زنجیرەیەک وتاردا لە ساڵەکانی 2012 و 2013 و 2014 هەموو ئەمانە بە هەڕەشە ناسێنران لە لایەن رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

لە یەکەم بەرپەرچدانەوەدا لە ساڵی 2012، زمانی ئینگلیزی لە قۆناغی سەرەتایی لادرا و زمانی عەرەبی بۆ وتنەوەی وانە دینییەکان هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە شوێنی گرتەوە. مانا و پەیامی ئەمە فرە رۆشن بوو. بەرنامەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئەمەیە، کە ناسنامە و ناساندنی جیهانبینی ئیسلامی شوێنی جیهانبینی رۆژئاوایی بگرێتەوە.

ئەم جۆرە سیاسەت و کردانە پێشبینی کراو بوون. لە ماددەی 16ی دەستووری نوێی ئێران ئاوەها هاتووە: هەرلەبەر ئەوەی کە زمانی قورئان و زانستە دینییەکان عەرەبییە و زمانی فارسی تەواوی تەکیا تێکەڵە، ئەم زمانە دەبێت لە دوای قۆناغی سەرەتایی، لە قۆناغی ناوەندی و قۆناغی ئامادەیی لە هەموو پۆلەکان و هەموو بوارە زانستییەکان بوترێتەوە.

لە لایەک پشتگوێ خستنی مافی زمانە ناوخۆییەکان و لە لایەکی ترەوە گرنگیدان بە زمانەکانی دەرەوە، ئەوە دەردەخات، کە کۆماری ئیسلامی ئێران رژێمێکی ئیدیۆلۆژیکی دینییە کە بۆ گەیشتن بە مەرامە دینییەکانی هەر سیاسەتێک دەگرێتەبەر.

باش وایە ئاماژە بەوە بکەم کە شەیخولئیسلامی لە لێکۆڵینەوەکەدا ئاماژە بەوە ده‌كات، زمانی فارسی لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە زمانی سەروو و سەروەر دادەنرێت بە بەراورد لەگەڵ عەرەبیشدا، بەڵام بۆ تێبینی باش وایە ئەم خاڵە بەرجەستە بکەم کە بە هاوشان کردنی زمانی عەرەبی/ئیسلامی لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە (نەک ناوەندی، کە لە ماددەی 16ی دەستوور هاتووە)، ئەم بیرۆکە دروست ده‌كات کە باڵێکی بەهێز لە ناو کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەیە کە زمانی عەرەبی کە زمانی ئیسلامە، پێیان گرنگترە لە زمانی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی فارسی، کە رەزا شا بنیادی دامەزراند.

بۆ تێبینی باش وایە ئەمە رۆشن بێتەوە بەرز راگرتنی زمانی عەرەبی لە ئێران پێناچێت هیچ پەیوەندییەکی بە مافی زمانی کەمینەی عەرەبی ئێرانەوە بێت. هەروەها وەکو تێبینیێکی تر، لێکۆڵینەوەکەی شەیخولئیسلامی پێش گۆڕانکاری لە پێگەی زمانە دەرەکییەکان لە سیستەمی پەروەردەی ئێران بڵاو بووەتەوە.

روونکردنەوەکان و سەرچاوەکان

1-پرۆفیسۆر جەعفەر شەیخولئیسلامی، زانکۆی کارڵتۆن/کەنەدا.

2-تکایە بۆ خوێندنی لێکۆڵینەوەکەی پرۆفیسۆر جەعفەر شەیخولئیسلامی سەردانی ئەم لینکە بکەن. (PDF) Kurdish in Iran: A case of restricted and controlled tolerance (researchgate.net)