4 مانگه گوندی شه‌ناغه له‌لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كانه‌وه گه‌مارۆ دراوه
K24 - هه‌ولێر:
چوار مانگە هێزە عێراقییەكان بەبڕیاری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك گەمارۆی گوندی شەناغەیانداوە و رێگەنادەن جووتیارانی كورد زەوییەكانیان بۆ كشتوكاڵكردن بەكاربهێنن.
هێزه عێراقییه‌كان جووتیارێكی كورد لەكاتی کێڵانی زەوییەكەی دەستگیردەكەن و ئەشكەنجە و سووكایەتی پێدەكەن، لە بەرامبەردا گەنجەكە گوندەكە جێدەهێڵێت و لە رێگه تراكتۆرەكەی وەردەگەڕێت و گیانلەدەست دەدات.
گوندی شناغه‌ی كوردنشین پلانی تەعریبی لەسەرە، له‌و گونده دوو رۆژ بەر لە ئێستا هێزە عێراقییەكان گەنجێك بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر دەكەن و دواتر گەنجەكە ناچار دەكرێت سەری خۆی هەڵبگرێت، بەڵام بە كارەسات كۆتایی دێت.
دلێر عەبدوڵڵا گوندنشین، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "ئازاد سووكایه‌تی پێكرابوو، ته‌قه‌یان لێكردبوو، دواتر بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر لای خۆیان زیندانییان كردبوو، هه‌ستیان برینداركردبوو، رێگه‌یان نه‌دابوو به رێگه‌ی سه‌ره‌كیشدا بڕوات، بۆیه به‌و رێگه خۆڵه‌دا رۆیشتبوو و لێره تووشی رووداو بوو و گیانی له‌ده‌ستدا".
ئازاد نەتوانرا تەنانەت پرسەكەشی لە گوندەكەی خۆی بۆ دابنێن، ئەمەش بەهۆی ئەو هێزە زۆرەی كە لەنێو مزگەوتی گوندەكەیان بڵاوەی پێكراو بەناچاری لە هەولێر پرسەی بۆدانرا. كەسوكاری ئازاد خوێنی كوڕكەیان دەخەنە ئەستۆی هێزە عێراقییەكان و داوا دەكەن مافیان بۆ وەرگیرێتەوە.
لوقمان ئیسماعیل، مامی ئازاد گوتی: "چه‌ندین جار ئه‌و برازایه‌ی منیان گرتووه، جارێكی دیكه به شه‌و ته‌قه‌یان لێی كردبوو، 3 هه‌مه‌ڕ هاتووبوونه ده‌ستگیری بكه‌ن و له‌گه‌ڵ خۆیان بردوویانه، سه‌رمای بووه، باوكی تكای له سه‌ربازه‌كان كردووه، تا بردوویانه‌ته مزگه‌وت، تا به‌یانی له‌وێ هێشتوویانه‌ته‌وه".
گوندی شەناغەی سەربە شارەدێی سەرگەڕان زیاتر لە 4 مانگە گەمارۆی سەربازی خراوەتەسەر جووتیارانی ئێرە، رێگە نادەن زەوییەكانیان بۆ كشتوكاڵكردن بەكار بهێنن. هەموان نیگەرانی دۆخەكەن و چاویان لە هەوڵەكانی سەركردایەتی سیاسی كوردن بۆ كۆتاییهێنان بەو زوڵمەی كە لێیان دەكرێت.