به‌رپرسی "كۆمه‌ڵكوژییه‌كان و كۆیلایه‌تی سێكسیی داعش".. ئه‌بو ئیبراهیم قو‌رشی كێیه؟
K24- هه‌ولێر:
له‌وكاته‌ی رێكخراوی داعش ئه‌بو ئیبراهیم هاشمی ئه‌لقو‌رشیی وه‌ك سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌می رێكخراوه‌كه‌ی راگه‌یاند، كه دوای كوژرانی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو، سه‌ركردایه‌تی رێكخراوه‌كه‌ی گرته ده‌ست، تا ئێستا ناسنامه‌ی قو‌رشی لای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكییه‌كان و عێراقییه‌كان وه‌ك مه‌ته‌ڵێكی هه‌ڵنه‌هێنراو مابووه‌وه و زۆر شتی له‌باره‌یه‌وه نه‌ده‌زانرا، ئه‌مڕۆ جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كوژرانی ناوبراوی له كرده‌یه‌كی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له باكووری سووریا راگه‌یاند.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له‌لایه‌ن كۆشكی سپییه‌وه بڵاوكرایه‌وه، جۆ بایدن گوتی: "شه‌وی رابردوو هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به فه‌رمانی من توانییان ئۆپه‌راسیۆنێكی دژه تیرۆری سه‌ركه‌وتووانه بۆ پارێزگاریكردن له ئه‌مه‌ریكییه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانمان، له باكووری سووریا ئه‌نجام بده‌ن و وایانكرد جیهان زیاتر ئارام بێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "به هه‌وڵ و لێهاتوویی هێزه چه‌كداره‌كانمان، توانیمان كۆتایی به ئه‌بو ئیبراهیم ئه‌لهاشمی ئه‌لقورشی بهێنین".
دوای ئه‌و پرۆسه‌یه لاپه‌ڕه‌ی شوێنگره‌كه‌ی به‌غدادیش داخرا، كه ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه ناوی له لیستی مه‌ترسیدارترین تیرۆرسته داواكراوه‌كاندا بوو و بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ ئه‌و كه‌سه دیاریكرابوو، كه یارمه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بدات بۆ ده‌ستگیركردنی.
پرۆفیسۆری تێكشكێنه‌ر:
ناوی راسته‌قینه‌ی ئه‌بو ئیبراهیم (ئه‌میر سه‌عید عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لمه‌ولا)ـیه و به ژماره‌یه‌ك ناسناوی دیكه‌ش ناسراوه، كه به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرسێ، دیارترینیان بریتین له: "پرۆفیسۆر" و "موده‌مر" واتا (تێكشكێنه‌ر).
به‌گوته‌ی "لگین پیێر فیلیۆ"، شرۆڤه‌كار له زانكۆی ساینس له پاریس، قو‌رشی له‌میانه‌ی "كۆمه‌ڵكوژی و ده‌ربه‌ده‌ركردن و كۆیلایه‌تی سێكسی" رۆڵێكی سه‌ره‌كیی له هه‌ڵمه‌تی پاكتاوكردنی ئێزیدییه‌كاندا گێڕاوه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، سه‌ركرده‌ی نوێی كوژراوی داعش له ساڵی 1976 له شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر، كه ده‌كه‌وێته دووری 70 كیلۆمه‌تر له شاری مووسڵ، له دایك و باوكێكی توركمان له‌دایكبووه، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه كه ببێته جێگه‌ی شۆك و گومان بۆ هه‌موو لایه‌ك، چونكه زۆر ده‌گمه‌نه كه‌سێكی نا عه‌ره‌ب له ریزه‌كانی پێشه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی داعش دابنرێت، كه پێشتر ئه‌و رێكخراوه رووبه‌رێكی فراوانی خاكی سووریا و عێراقی داگیركردبوو.
پێشتر له راپۆرتێكدا نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه دابوو، "له‌وانه‌یه دانانی قو‌رشی له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كه‌وه بژارده‌یه‌كی كاتی بێت، تا ئه‌و كاته‌ی كه‌سێكی دیكه‌ی "شه‌رعیتر" بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنی رێكخراوه‌كه‌یان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، كه له ره‌چه‌ڵه‌كی راسته‌وخۆی تیره‌ی هاشمی بێت و بتوانێت پشتیوانی ته‌واوی لقه‌كانی دیكه‌ی رێكخراوه‌كه به‌ده‌ستبهێنێت".
چه‌كداری پێشوو:
ناوبراو بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له كۆلیژی زانسته ئیسلامییه‌كان له مووسڵ به‌ده‌ستهێناوه، له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام سه‌رباز بوو له سوپای عێراق، به‌گوێره‌ی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی، دوای هێرشی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر عێراق له ساڵی 2003، قو‌رشی په‌یوه‌ندیی به ریزه‌كانی قاعیده‌وه كردووه.
له‌ناو قاعیده رۆڵی نوێنه‌رایه‌تی ئایینی و یاسایی و شه‌رعی گشتیی بینیوه، له ساڵی 2004، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه ده‌ستگیركراوه و له گرتووخانه‌ی "بۆكا" له عێراق زیندانیكراوه و له‌و گرتووخانه‌یه چاوی به "ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی"، سه‌ركرده‌ی پێشووی كوژراوی داعش كه‌وتووه.
دواتر هه‌ردووكیان له زیندان ئازاد كران و كاتێك له ساڵی 2010 لقی عێراقی رێكخراوی قاعیده‌ش له‌لایه‌ن به‌غدادییه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرا، قو‌رشی هه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدادی مایه‌وه، پاشان هه‌ردووكیان له قاعیده جیابوونه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی رێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق" دابمه‌زرێنن، كه دواتر گه‌شه‌ی كرد و بوو به "رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام" (داعش).
له ساڵی 2014، قو‌رشی له مووسڵ پێشوازیی له به‌غدادی كرد و به‌ڵێنی پێدانی پشتیوانی و پاڵپشتی ته‌واو به داعش بۆ كۆنترۆڵكردنی شاره‌كه به خێرایی به به‌غدادی دا، دواتر زۆر به خێرایی پێگه‌ی خۆی له‌ناو ریزه‌كانی داعش به‌هێزكرد و به‌هۆی "سروشته دڕندایه‌تییه‌كه‌ی" به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی به‌رهه‌ڵستیی سه‌ركردایه‌تیكردنی به‌غدادیان ده‌كرد، متمانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ناو ئه‌ندام و سه‌ركرده‌كانی داعش به‌ده‌ستهێنا.
شرۆڤه‌كاران باوه‌ڕیان وابوو، قو‌رشی هه‌وڵ ده‌دات بوونی خۆی له رێگه‌ی هه‌وڵه‌كانی بۆ دووباره ژیاندنه‌وه‌ی رێكخراوه لاوازبووه‌كه‌یان "دوای سه‌رده‌می زێڕینی خه‌لافه‌ت" (2014-2019) بسه‌لمێنێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵیدا سوود له دۆخی تایبه‌تی عێراق به‌هۆی رێكاره‌كانی كۆرۆنا وه‌ربگرێت.
به‌مدواییانه، داعش له رێگه‌ی هه‌ژماری ئاژانسی ئه‌عماق له تێلیگرام به‌رپرسیارێتی خۆی له "هێرشی فراوان"ـی سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران له پارێزگای حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستانی راگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی ئازادكردنی چه‌كداره زیندانیكراوه‌كانی داعش له‌ناو ئه‌و گرتووخانه‌یه.
ئه‌و هێرشه‌ی داعش هه‌رچه‌ند زیانی زۆری بۆ خۆیان و هێزه‌كانی ئاسایشی رۆژئاوا و خه‌ڵكی سڤیلیش به‌دواوه بوو، به‌ڵام له پێكاندنی ئامانجه‌كه‌شیان شكستیان هێنا و دوای شه‌ڕێكی خوێناوی بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك، كه به‌لایه‌نی كه‌م كوژرانی 500 كه‌سی به‌دواوه‌بوو، زۆربه‌ی چه‌كداره راكردووه‌كان، كه له ژیان مابوون، دووباره ده‌ستگیركرانه‌وه.
H.B