هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا به‌رێكه‌وتن

"بەمەبەستی پتەوکردنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ئەوروپا"
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا

K24 – هه‌ولێر:

گوته‌بێژی سوپای ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌روبه‌ندی زیادبوونی گرژییه‌كانی نێوان ئۆكرانیا و رووسیا، هێزەکانی ئەمەریکا به‌ره‌و رۆژهەڵاتی ئەوروپا جوڵه‌ی پێكرا.

ماسیۆ ڤیسه‌ر، گوته‌بێژی سوپای ئه‌مه‌ریكا راشیگه‌یاند، سەربازه‌كان لە بنکەی فۆڕت براگ لە باكووری کارۆلایناوە بە فڕۆکەیەک به‌ره‌و رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەڕێکەوتن.

ڤیسه‌ر گوتی: "نزیکەی 1700 سەرباز بڕیار وایه‌ رەوانەی پۆڵەندا بکرێن، هاوکات 300 سەربازی دیکە رەوانەی ئەڵمانیا دەکرێن".

رۆژی چوارشەممەی رابردوو واشنتن رایگەیاند نزیکەی 3000 سەربازی دیکە رەوانەی پۆڵەندا و رۆمانیا دەکات، ئەوەش بەمەبەستی پتەوکردنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ئەوروپا لەدژی ئەگەری هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

ماوه‌یه‌كه‌ كێشه‌كانی نێوانی ئۆكرانیا و رووسیا قوڵتر بووه‌ته‌وه‌، مۆسكۆ 128 هه‌زار سه‌ربازی له‌سه‌ر سنووری كیڤ بڵاوه‌ پێكردووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری ناردنی هێزی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا ده‌ركرد.

وڵاتان و سه‌ركرده‌ ئه‌وروپییه‌كانیش ئامۆژگاری ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا ده‌كه‌ن هێرش بۆ سه‌ر ئۆكرانیا نه‌كات، له‌به‌رامبه‌ردا مۆسكۆ داوای دابینكردنی ئاسایشی سه‌ر سنووره‌كان له‌و وڵاتانه‌ كردووه‌.