سلێمانی.. چەند رۆژێکە خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لە گەڕەك و کۆڵانەکان کۆبووەتەوە

K24- سلێمانی:
بەهۆى کارنەکردنى کۆمپانیاکانى کۆکردنەوەى خۆڵ و خاشاک چەند رۆژێکە خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لە گەڕەک و کۆڵانەکانى سلێمانى کۆبووەتەوە، کۆمپانیاکان دەڵێن، سێ مانگە شایستەی داراییان بۆ خەرج نەکراوە، بۆیە کارەکانیان راگرتووە، شارەوانى سلێمانیش رایدەگەیەنێت بەهۆى کارنەکردنى کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک گرفتى زۆریان بۆ دروست بووە.
كۆنهكردنهوهی زبڵ و خاشاك له گەڕەک و کۆڵانەکانى سلێمانى جیا لەوەی سیمایەکى دزێوی هەیە، بووهتە مەترسیش بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتیان، کۆمپانیاکانى کۆکردنەوەى خۆڵ و خاشاک بەهۆى وەرنەگرتنى شایستە داراییەکانیان بڕیاریانداوە لە سەرەتاى ئەم مانگەوە کار نەکەن، تەنیا یەک کۆمپانیا کاردەکات و سنوورى کارکردنیشى چەند شوێنێکى ناو سلێمانییە.
خاوەن کۆمپانیایەک دەڵێت شارەوانى چەکى پارەکەى بۆ کردوون، بەڵام بە بیانوى نەبوونى پارەی کاش لە لقى سلێمانى بانکى ناوەندى هەرێم پارەکەیان بۆ خەرج نەکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە داهاتی پارێزگاکان ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، بەو پێیەی هەر پارێزگایەک لە سەر داهاتی خۆی مووچە مووچەخۆران خەرج دەکات و خەرجییەکانیان رێکدەخات.
خالید شینکى، خاوەن کۆمپانیاى کۆکردنەوەى خۆڵ و خاشاک روونیكردهوه، ماوهی 3 مانگه ئێمه پارهی خۆمان وهرنهگرتووه، كارمهندێكی زۆریشمان ههیه، پێیانگوتین پاره نییه و بوهستن با مووچه دابهشبكرێت، دوای ئهوهش داوامان كردهوه، دیسانهوه گوتیان نییه، توانیمان تا 3 مانگ بهبێ پاره بهرگه بگرین و پارهی كامهندهكان بدهین، دواتر توانای كاركردنمان نهما.
ساڵى رابردووش بە هەمان شێوە بۆ چەند رۆژێک ئەم کۆمپانیانە کاریان نەکرد، ئێستا لە کۆى پێنج زۆن، چوار زۆنى سلێمانى خۆڵ و خاشاکى لێکۆناکرێتەوە، نزار کەمال، بەرپرسى بەشى خزمەتگوزارى شارەوانى سلێمانى ئاشكرای كرد، کارنەکردنى کۆمپانیاکان گرفتێکى زۆرى بۆ دروست کردوون.
رۆژانە لە سلێمانى بە نزیکەى 1500 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و دەبرێتە ناوچەى تانجەڕۆ، بەڵام ئەگەر بێت و ئەو کێشەیە بە زوویی چارەسهر نەکرێت؛ سلێمانى و دانیشتوانەکەى تووشى گرفتى کەڵەکەبوونى خۆڵ و خاشاک دەبن و مەترسی بڵابوونەوەی چەند نەخۆشییەکیشی لێدەکرێت.