تورکیا پەنا بۆ عێراق و ئیسرائیل دەبات

ئەردۆغان: لە عێراقەوە گاز هاوردە دەکەین
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا

K24 - هەولێر

قەیرانی ئۆکراینا و رووسیا و بەرزبوونەوەی خواست نرخی گازی سروشتی بۆ ئاستی پێوانەیی بەرزکردووەتەوە، وڵاتان بۆ پڕکردنەوە پێداویستییەکانیان پەنا بۆ سەرچاوەی نوێ دەبەن.

لە نوێترین هەوڵدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، کار بۆ هاوردەکردنی گاز لە عێراق دەدەن و ئامادەن گازی ئیسرائیل بە نێو وڵاتەکەیاندا تێپەڕێت و جارێکی دیکە هەناردەی ئەوروپای بکەن.

ئەردۆغان ئەو لێدوانەی بۆ چەند رۆژنامەنووسێکی وڵاتەکەی بوو لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی لە میانی گەڕانەوەی لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، ئەردۆغان روونیکردووەتەوە، لە عێراقەوە گاز هاوردە دەکەن، لە هەمان کاتیشدا هیچ کێشەیەکیان لە کەمی گازی سروشتی نییە.

لە هەمان کاتدا، سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە، دەتوانن سوود لە بەکارهێنانی گازی ئیسرائیلی وەربگرن و هەروەها بە هەماهەنگی دەتوانن سوود لە پێگەی تورکیا وەک رێڕەوێک وەربگرن تاوەکو گاز بۆ ئەوروپا هەناردە بکەن.

کەناڵی ئێن تیڤی بڵاویکردووەتەوە کە پێشووتریش سەرۆک کۆماری تورکیا ئەو بابەتەی لەگەڵ ئیسرائیل تاوتوێکردووە، ئامادەیی تورکیای نیشانداوە بۆ ئەوەی سوود لە گازی ئەوروپی وەربگرن و بە هاوبەشی هەناردەی ئەوروپای بکەن.

بڕیاریشە لە مانگی ئاداری داهاتوو لە میانی سەردانی یتسحاق هەرتسۆگ سەرۆکی ئیسرائیل بۆ ئەنقەرە ئەو بابەتە تاوتوێ بکەن.

لە ماوەکانی رابردووش، سەرۆکی تورکیا رایگەیاندبوو هەناردەکردنی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوروپا بە نێو خاکی تورکیا تێنەپەڕێت، سەرکەوتوو نابێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، خواستی وڵاتان بۆ گازی سروشتی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گرژییەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا مەترسی بۆ سەر خستنەڕووی جیهانی دروستکردووە. بۆ ئەم مەبەستە کۆشکی سپیش هاتووەتە سەرهێڵ و لەگەڵ وڵاتانی هەناردەکار دەستی بە گفتوگۆ کردووە، کە لە ئەگەری پێکدادان لە نێوان کیێڤ و مۆسکۆ گازی پێویست هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا بکەن.