سیمیۆنی گاڵته‌ به‌ چاڤی ده‌كات

دیێگۆ سیمیۆنی راهێنه‌ری ئاتڵێتیكۆ مه‌درید و چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری بارسێلۆنا
دیێگۆ سیمیۆنی راهێنه‌ری ئاتڵێتیكۆ مه‌درید و چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری بارسێلۆنا

لە یاریی لوتکەی گەڕی 23ـی لالیگا بارسێلۆنا لە کامپ نو میوانداری ئاتڵێتیکۆ مەدرید دەکات، عوسمان دێمبێلێ گەڕایەوە پێکهاتەی بارسا و لویس سوارێزیش دەگەڕێتەوە یاریگای کامپ نو، دیێگۆ سیمیۆنی دەڵێت: ئێستا کاتیەتی بۆ ئەوەی چاڤی ئەو قسەیە بسەلمێنێت کە لە 2016 کردی و گوتی ئاتڵێتیکۆ یانەیەکی گەورە نییە.

بارسێلۆنا و چاڤی کۆتاییان بە کێشەکانی نێوانیان لەگەڵ دێمبێلێی فەرەنسی هێنا و هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە و دێمبێلێ سبه‌ی بۆ یاریی لوتکە بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید ئامادە دەبێت و بانگهێشتی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئۆبامیانگ و ئاداما تراورێش كراوه‌.

چاڤی: ئێستا دۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌

چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ئاتڵێتیكۆ مه‌درید ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێستا دۆخەکە گۆرانی بەسەردا هاتووه‌ و هه‌وڵیانداوه‌ رێگاچارەیەک بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ دێمبێلی بدۆزنەوە، ده‌شڵێت: کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ کارگێری و سەرۆکی یانەکە کرد و بڕیاریماندا دێمبێلی بانگهیشت بکەینەوە، ئەو ئێستا یاریزانی بارسایە و پێویستە پشتی پێ ببەستین و ئەمیش هاوکاری تیپەکە دەکات، من لە هەڵوێستی بارسا و دێمبلی و هاندەران تێدەگەم و رەنگە هاندەرانیش توڕەبن لە یاریزانەکە، بەڵام ئێمە بەرژەوەندی یانەکەمان دەوێت، پێویستە هاندەران لە یاریگە پاڵپشتی ئەم یاریزانە بکەن و سارد ببنەوە.

چاڤی گوتیشی: سەرجەم یاریزانەکانمان بەباشی راهێنانیان کردووە، ئاداما لە رووی جەسەییەوە باشتر ئامادەیە و سەرجەم یاریزانەکان بۆ ئەم یارییە ئامادەن، ئێمە دڵخۆشین بە گرێبەستە نوێیەکان و ئەم یارییە تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بەرامبەر پاڵەوانی لالیگا و وەکو یاریی کۆتاییە، لەبارەی گەڕانەوەی سوارێز بۆ کامپ نو پێموایە ئەم یاریزانە یەكیکە لە باشترین ژمارە (9)ـیەکانی مێژووی بارسێلۆنا پێویستە بە گەرمی پێشوازی لێبکرێت.

لویس سوارێز ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كامپ نوو

ئاتڵێتیکۆ مەدریدیش تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی بارسێلۆنا کردووە، یارییەکی تایبەتیش دەبێت بۆ لویس سوارێز کە دەگەڕێتەوە کامپ نو و بەرامبەر یانەکەی پێشویی یاریی دەکات. له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئاتڵێتیکۆ مەدرید جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ جواو فیلیکس لە سەدا سەد ئامادەیە و لەو یارییە بەشداری دەکات.

سیمیۆنی: پێویسته‌ چاڤی قسه‌ی خۆی بسه‌لمێنێت

دیێگۆ سیمیۆنی له‌ پرێس كۆنفرانسێك پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌ی رایگه‌یاند كه‌ دەیانەوێت باشترین یاریی بەرامبەر بارسێلۆنا بکەن، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا لە کامپ نو بەختیان نەبووە.

سیمیۆنی ده‌شڵێت: پێویستە ئامارە خراپەکانی کامپ نو بشکێنین، راستە یارییەکە بۆ سوارێز تایبەتە و ئێمەش هەوڵ دەدەین باشترین رێگە بۆ راگرتنی بارسێلۆنا هەڵبژێرین و پلانێکی تایبەتی بۆ دادەنێین. بیرمە لە 2016 چاڤی گوتی ئاتڵێتیکۆ تیپێکی گەورە نییە، ئێستاش کاتیەتی بۆ ئەوەی قسەکانی بسەلمێنێت، کۆمەڵێک یاریزانی نوێی گواستووەتەوە ریزەکانی و پێکهاتەیەکی بەهێزی هەیە.

ئاماره‌كانی سیمیۆنی له‌ كامپ نوو كاره‌ساته‌

سیمیۆنی مێژوویەکی تاڵی وەکو راهێنەر لە کامپ نو هەیە، بۆ جاری چواردەمین سەردانی ئەم یاریگایە دەکات کە بەدرێژایی یارییەکانی پێشوو وەکو راهێنەر نەیتوانیوە لە کامپ نو سەرکردایەتی سەرکەوتنی ئاتڵێتیکۆ بەرامبەر بارسا بکات، لە شەش یاریی دۆڕاوە و حەوت یاریش یەکسان بوونە.

بەر لەم یارییە ئاتڵێتیکۆ مەدرید بە 36 خاڵ لە خانەی چوارەمی لالیگایە و بە جیاوازی خاڵێک لە پێش بارسێلۆنا دەبینرێت.