"بەعسییەک زەوییەکەی لێ داگیر کردووم و لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار کردووم"

بەڵگەنامەم هەیە و تاپۆکەی بەناوی باوکمە
جووتیارێکی سنووری قەزای مەخموور
جووتیارێکی سنووری قەزای مەخموور

K24 - هەولێر

دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكۆتبەری ساڵی 2017، لە بەشێكی زۆری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، جوتیارانی کورد مەترسی عەرەبی ھاوردەیان لەسەرە، جووتیارانی مەخمووریش ناڕەزایەتی دانیشتووانی سنوورەكەیان لەبارەی هەڕەشەكانی عەرەبی ھاوردە بۆ سەر خۆیان و زەوی و بەروبوومە كشتوكاڵییەكان لە رێگەی کوردستان24 دەخەنەڕوو، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخمووریش رایدەگەیەنێت، جووتیارانی مەخموور مافیان لێی زەوتکراوە.

تەحسین عەبدولرەحمان، یەکێکە لەو سەدان جووتیارەی کە زەویەکەی لەلایەن عەرەبی ھاوردەوە داگیرکراوە، ئەو ھەموو بەڵگەکانی خاوەندارێتی زەویەکەی دەخاتەڕوو، کە 100 دۆنم زەویە و لەلایەن کەسێکی عەرەبەوە لێی داگیرکراوە و دەنگی بە ھیچ شوێنێک ناگات.

ئەو جووتیارە خەڵکی قەزای مەخموورە و بە کوردستان24ی گوت: "لە ساڵی 1996ـەوە کەسێکی بە رەگەز عەرەب، زەوییەکەی لێ داگیر کردوین و بەناوی خۆی کردووە، زەوی باوک و باپیرمانە، هەموو بەڵگەیەکمان هەیە، داوا دەکەین خاوەنداریەتی زەویەکەمان بۆ بگەڕێندرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو کەسەی زەویەکەی لێ داگیرکردوین کۆنە بەعسیە، بەتایبەتی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر ئێمە لە دۆخێکی زۆر خراپداین، داواکارین لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکەمان بێت و کێشەکەمان چارەسەر بکەن".

جووتیارێکی دیکەی سنووری قەزای مەخموور بەناوی عەبدوڵڵا حەسەن، 120 دۆنم زەوی لەلایەن عەرەبێکەوە داگیرکراوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسەی زەویەکەی داگیر کردووە بەعسی بووە و لە سەردەمی بەعسیش زەویەکەی لێ داگیرکردووە، لە دوای 2003 زەویەکەی خۆی وەرگرتووەتەوە، بەڵام پاش 16ی ئۆکتۆبەری 2017 جارێکی تر ئەو کەسە گەڕاوەتەوە و زەویەکەی لێ داگیرکردووە. چیرۆکی عەبدوڵڵا لەوەدا جیاوازە  کە ئەو کەسە بەعسییە لە دادگای مەخموور داوای لەسەر تۆمار کردووە و داوای قەرەبوو دەکاتەوە.

عەبدوڵڵا، دەڵێ: "کەسێک بەناوی عەبدولرەحمان 120 دۆنم زەوی ئێمەی لەسەر ناوی خۆی تاپۆ کردووە، لە دوای 2003 زەوییەکەمان وەرگرتەوە، تاپۆی زەوییەکە بەناوی باوکمە، ئەو عەرەبە خەڵکی گوندی ئێمە نییە، بەڵکو گوندەکەمان هەر عەرەبی لێ نییە، ئێستا لە دادگای مەخموور سکاڵای تۆمار کردووە، دەڵێ قەرەبووی 18 ساڵم دەوێتەوە".

سەلمان ھاشم شێخانی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخموور ئەوە دەخاتەڕوو، ئەم دوو ھاووڵاتییە مافی خۆیانە و لێیان زەوتکراوە، چەند جارێک داواکەیان بەرزکردووەتەوە بۆ پارێزگای نەینەوا و داوای چارەسەر کردنی کێشەکەیان کردووە، ئاشکراشی دەکات ئەم ھاووڵاتییانە زەوییەکانیان لە باوک و پیرانییانەوە بۆ ماوەتەوە و بەڵگەنامەی فەرمییان پێیە.

دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكۆتبەری ساڵی 2017 لە بەشێكی زۆری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، عەرەبە ھاوردەکان دەستیان کردووە بە داگیرکردنی زەوی جوتیارانی کورد و تاپۆی زەوییەکانیان گۆڕیوە بەناوی خۆیانەوە، لە مەخمووریش ھاوشێوەی ھەموو ناوچەکانی تر جوتیارانی کورد مەترسی عەرەبی ھاوردەیان لەسەرە.