وەزارەتی ناوخۆ داوایەک لە کەسوکاری کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان دەکات

نموونەی (دی ئێن ئەی) کەسوکاری کۆچبەرە بێسەروشونبووکان رادەستی حکومەتی یۆنان دەکەن
سامی جەلال، راوێژکار لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامی جەلال، راوێژکار لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

راوێژکارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، نموونەی (دی ئێن ئەی) کەسوکاری کۆچبەرە بێسەروشونبووکانیان رادەستی حکومەتی یۆنان کردووە، ئێستا توێکاریی بۆ تەرمی ژمارەیەک کۆچبەر دەکرێت بۆ ناسینەوەیان. داواش لە هاووڵاتییان دەکات، هەر کەسێک کەسوکاری بێسەروشوێنە، سەردانی وەزارەتی ناوخۆ بکەن، بۆ پێدانی زانیاری لەسەر کەسەکانیان، تا ئەوانیش هەوڵبدەن سۆراغیان بکەن و چارەنووسیان دیار بکەن.

سامی جەلال، راوێژکار لە وەزارەتی ناوخۆ بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە سەردانێکماندا بۆ یۆنان نموونەی 29 کەسی خانەوادەی کۆچبەرە بێسەروشوێن بووەکانمان رادەستی حکومەتی یۆنان کرد".

گوتیشی: "هەر لە یۆنان سەردانی رێکخراوی پەنابەرانمان کرد، باسمان لە کێشە و گرفتی پەنابەران کرد، کێشەی گەورەیان هەیە و پێویستیان بە هاوکارییە".

سامی جەلال، راشیگەیاند: "لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی پێکهاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کۆچکردنی هاووڵاتییان، من سەرۆکی لیژنەکەم، لێکۆڵینەوەی ورد لە هۆکارەکان و دەرهاویشتەکانی پشت بڕیاری کۆچکردن دەکەین، دەمانەوێت رێگری لەو دیاردە بکەین و هاووڵاتییانی خۆمان بپارێزین، بۆ ئەوەی بازرگانیان پێوە نەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "تائێستا 9 تەرمی کۆچبەران لەسەر ئەرکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە یۆنانەوە گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، لەو سەردانەماندا بۆ یۆنان لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان کۆبووینەوە، ئێستا 5 تەرم دۆزراونەتەوە و نەناسراونەتەوە، ئەو نموونانەی لە رادەستی حکومەتی یۆنانمان کردووە بەراورد دەکرێت لەگەڵ تەرمە دۆزراوەکان، هیوادارین بتوانین کۆتایی بەو تراژیدیا بێنین و ئەو کەسانەش سزا بدرێن کە هانی خەڵک دەدەن بۆ کۆچی نایاسایی".

راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ، داواشی کرد: "ئەو خانەوادانەی کەسوکاریان بێسەروشوێنن سەردانی وەزارەتی ناوخۆ بکەن، بۆ ئەوەی نموونەی DNAیان لێوەربگرین و رەوانەی وڵاتی یۆنانی بکەین، هەماهەنگی باشمان لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان هەیە".