دایکی دانەر: نزام بۆ رەیان دەکرد

"هەمووکات چاومان لەسەر بوو چونکە چیرۆکەکەی لە هی کوڕەکەمان نزیک بوو"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

دایك و باوكی دانەری تەمەن 10 مانگ كە لە لافاوەكەی ھەولێر کەوتە ناو ئاو و تا ئێستا چارەنووسی دیار نییە، ھاوسۆزن لەگەڵ چیرۆكی رەیانی تەمەن 5 ساڵان كە لە مەغریب لەكاتی یاریكردنی كەوتووەتە نێو بیرێكی 32 مەتری و دوای پرۆسەیەكی دوور و درێژی دەرھێنان، كە چاوی بەشێكی جیھانی لەسەر بوو لەكاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا. 

هێرۆ محەمەد، دایكی دانەر بە کوردستان24ی گوت: "ئەو منداڵەی مەغریب (رەیان) وامدەزانی منداڵی خۆمەوە، بەردەوام چاومان لەسەر بوو، دوعام دەکرد بۆ ئەوەی بە سەلامەتی رزگار بکرێت و بە دایک و باوکی شادببێتەوە".

دایکی دانەر، دەشڵێ: "ئێستاش هەر رۆژێک باران نەبارێت، لەگەڵ نەبەزی هاوسەرم و منداڵەکان دەچینە دەشت دەگەڕێن، بەو ئومێدەی تەرمی دانەر بدۆزینەوە".

باوکی دانەر، وێنەی کوڕەکەی و رەیانی لە تەنیشت یەکەوە داناوە و لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە و هێشتا چاوەرێی سۆراغێکی منداڵەکەیانن و دەڵێ، ئێمە لە هەموو کەس زیاتر لە ئازاری دایک و باوکی رەیان تێدەگەین.

نەبەز ساڵح، باوکی دانەر ئاماژە بەوە دەکات: "زۆر چاودێری رووداوەکەی منداڵەکەی مەغریبمان دەکرد، چونکە لە چیرۆکی کوڕەکەمان نزیک بوو، لەگەڵ دایکی دانەر زۆر پەرۆش بووین و بەردەوام چاومان لەسەر رووداوەکە بوو، دوعامان دەکرد بە سەلامەتی بگەڕێتەوە باوەشی دایک و باوکی، چونکە کارەساتی وامان بەسەر هاتووە هەستمان دەکرد منداڵەکە هی خۆمانە".

رەیان ئەو منداڵە 5 ساڵانەی لە مەغریب لەكاتی یاریكردن كەوتە ناو بیرێكی 32 مەتری و چاوی جیھان لەسەر پرۆسەی دەرھێنانی بوو، خەڵك لە رێگەی سۆشیال میدیاوە هاوخەمیان بۆ دەردەبڕی و نزایان بۆ دەکرد، دوای پێنج رۆژ مانەوەی لە چاڵەکەدا توانرا رزگاربکرێت، بەڵام لە رێگای بردنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.

دانەر نەبەز، لە لافاوەکەی هەولێر کەوتە ناو ئاو، دوای چەند جارێک گەڕان لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی پۆلیس و زێرەڤانی و بەکارهێنانی سەگی راهێنراو بۆ دۆزینەوەی، بەڵام تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و بێسەروشوێنە، دایک و باوکیشی دەڵێن: هەمیشە ئومێدمان هەیە رۆژێک تەرمەکەی دەدۆزینەوە.