بەهۆی ڤایرۆسێک لە قەڵادزێ زیاتر لە 460 کەس لە نەخۆشخانە خەوێندراون

وەزیری تەندروستی: بۆ دیارکردنی جۆری نەخۆشییەکە پشکنینی زیاتر دەکەین
بەڕێوەبەری تەندروستی راپەڕین و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵادزێ لەکاتی بەسەرکردنەوەی نەخۆشەکان
بەڕێوەبەری تەندروستی راپەڕین و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵادزێ لەکاتی بەسەرکردنەوەی نەخۆشەکان

K24 – قەڵادزێ

بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە ڤایرۆسێک لە قەڵادزێ کە بووەتە هۆی سکچوون و رشانەوە و هەوکردنی کۆئەندامی هەرس و گەدە، زیاتر لە 460 کەس بۆ چارەسەر لە نەخۆشخانە خەوێندراون و زۆربەیان منداڵن.

بۆ لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە باری تەندروستی نەخۆشەکان و گرتنەبەری رێکارەکان، ئەمڕۆ دووشەممە 7/2/2022، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی قەڵادزێی کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "تائیستا زیاتر لە 460 لە نەخۆشخانە خەوێندراون، لەنێویاندا 353یان منداڵن، واتا زۆربەیان منداڵن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "نیشانەکانی نەخۆشەکان بریتین لە سکچوون، رشانەوە، تا، هەوکردنی کۆئەندامی هەرس و گەدە".

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: "هەموو رێکارێک گیراوەتەبەر و سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین و بەڕێوەبەر و کارمەندانی نەخۆشەکانی سنوورەکە دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد: "تیمێکی وەزارەتی تەندروستی بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی نەخۆشییەکە سەردانی ناوچەکەیان کردووە، ئەمڕۆش بڕێک لە پێداویستی پزیشکی لە کۆگای سەرەکی وەزارەتی تەندروستییەوە گەیەندرایە قەڵادزێ، بەڵام هێشتا پێویستیان بە دەرمانی زیاتر دەبێت".

د. سامان بەرزنجی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو نەخۆشییە نوێ نییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام چەندین جۆر رێکار هەیە و پێویستی بە روپێوی زیاتر هەیە، تائێستا دەستنیشان کردنێکی سەرەتایی نەخۆشییەکە هەیە و گومان دەکرێت لە سەرچاوەکانی ئاو بڵاوبووبێتەوە، بەڵام پشکنینی زیاتری پێویستە، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و هەولێر لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەر هێڵ دەبین، بۆ گرتنەبەری رێکاری زیاتر".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین بڵاویکردووەتەوە، بەگوێری ئەنجامی لیژنەکانیان  بۆیان دەرکەوتووە، هۆکاری سکچوون و رشانەوەی هاووڵاتییانی قەڵادزێ تووشبوونە بە رۆتا ڤایرۆس.