کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرا

رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەکە تەواو نییە
دیمەنێکی ئەمڕۆی هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق
دیمەنێکی ئەمڕۆی هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا

بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ 30 خولەک دواخرا.

سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق زەنگی چوونە ژوورەوەی لێدا، بەڵام تەنیا 30 پەرلەمانتار لە هۆڵی کۆبوونەوە ئامادەبوون".

گوتیشی: "سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا بۆ نیو کاتژمێر کۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخرێت، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ نەکرێت و بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت".

پەیامنێرمان، راشیگەیاند: "کەمێک پێش ئێستا محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران گەیشتە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لە ئەگەری تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، لە سبەیەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەتوانن رۆژێکی دیکە بۆ دانیشتن دیار بکەن، تا ئەوکاتەی فراکسیۆنەکان دەگەنە رێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار".

پێشتر زۆربەی فراکسۆنەکان راگەیاندبوو، کە بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن.

نوێدەکرێتەوە...