سیروان بارزانی: هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ له‌ سنووری ناوچه‌ی سه‌رگه‌ڕان ئه‌نجام دراوه‌
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور – گوێڕ ی پێشمه‌رگه‌
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور – گوێڕ ی پێشمه‌رگه‌

K24 - هه‌ولێر:

سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور – گوێڕ رایگه‌یاند، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ (7ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) ئۆپەراسیۆنەكی هاوبەش بۆ گەڕان و پشكنین بە دوای تیرۆریستانی داعش له‌ ناوچه‌ی سه‌رگه‌ڕان دەستی پێكردووە.

سیروان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌ هاوبه‌شی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عێراق لە ناوچەی سەرگەران ئه‌نجام دراوه‌،  كە سنووری نزیكەی 300 كیلۆمه‌تر دووجا لە خۆ دەگرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هێزه‌كانی هه‌ردوو میحوەری 5 و میحوەری 6ی پێشمەرگەی كوردستان و فیرقەی 8 و فیرقەی 14 ی لەشكری عێراقی چالاكییه‌كه‌یان ئه‌نجام داوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هێزی كۆماندۆ، هێزی لیواكانی 2 و 10 و 14 و 18 ی وەزارەتی پێشمەرگە بەشدارییان له‌ ئۆپەراسیۆنەكە كرد.