ئه‌و حه‌وت منداڵه‌ی ره‌مه‌زانی پار دایك و باوكیان كوژران چاوه‌ڕێی سزادانی بكوژه‌كان ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
بڕیاره سبه‌ی پرۆسه‌ی دادگاییكردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه به‌ڕێوه‌بچێت، كه 27ی ره‌مه‌زانی ساڵی پار، له ناحیه‌ی كه‌ڵه‌كچی دوو هاوسه‌ریان له حه‌وشه‌ی ماڵی خۆیاندا خه‌ڵتانی خوێن كرد و 7 منداڵیان بێ دایك و باوك كرد.
رووداوه‌كه، رێك ئه‌و كاته روویدا، كه ئیبراهیم خورشید، به‌ربانگی كردبوویه‌وه و هاتبووه به‌ر ده‌رگا و له پڕدا چه‌ند چه‌كدارێك هه‌ڵیانكوتایه سه‌ری و ده‌ستڕێژیان لێ‌كرد.
ئیبراهیم، كه له چله‌كانی ته‌مه‌نیدا بوو، به خۆ خشان له‌سه‌ر زه‌وی، خۆی گه‌یاندبووه حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌ی و خوناو یونس (43 ساڵ)ـی هاوسه‌ری به ده‌مییه‌وه دێت و سه‌ری ده‌خاته سه‌ر كۆشی و به‌ر له‌وه‌ی ئیبراهیم گیان بسپێرێت، بكوژه‌كان ته‌قه له خوناویش ده‌كه‌ن و خوێنیان تێكه‌ڵی یه‌ك ده‌بێت و ده‌موده‌ست گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
خوناو و ئیبراهیم، له هه‌ڕه‌تی گه‌نجییه‌وه به‌یه‌كه‌وه هاوسه‌رگیریان كردبوو، ئه‌وان له ناحیه‌ی كه‌ڵه‌كچی ده‌ژیان و به‌رهه‌می ژیانه هاوبه‌شه‌كه‌یان 7 منداڵ بوو، كه گه‌وره‌كه‌یان 17 ساڵ و بچووكه‌كه‌یان هێشتا شیری دایكی ده‌خوارد و ته‌مه‌نی ساڵه وه‌ختێك بوو.
ساڵانه ئیبراهیم، زه‌وی به كرێ ده‌گرت و نیسك و كونجی و چه‌ڵتووكی ده‌چاند و هاوسه‌ره‌كه‌شی له سه‌ر مه‌زراكان شان به شانی هاوسه‌ره‌كه‌ی كاری ده‌كرد و بژێوی خۆیان و خێزانه‌كه‌یان دابین ده‌كرد.
ئه‌وان له گه‌ڕه‌كێكی كه‌ڵه‌كچی له پاڵ خزمه زۆره‌كانیاندا ده‌ژیان. زۆرێك له‌و ماڵانه‌ی له گه‌ڕه‌كه‌كه بوون، خزم و كه‌سوكاری ئیبراهیم بوون، به تایبه‌تی ئامۆزا و خوارزاكانی، ئیبراهیم له ناو كه‌سوكاری بوو، به ئومێدی ئه‌وه‌ی ببنه پشت و په‌نای خۆی و منداڵه‌كانی، بێ ئاگا خوێنی خۆی و هاوسه‌ری له حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یدا و به ده‌ستی ئامۆزا و كه‌سوكاری خۆی ده‌ڕژێت و حه‌وت منداڵه‌كه‌ی له نازی دایك و باوك بێبه‌ش ده‌بن.
ئه‌و رۆژه‌ی رووداوه‌كه روویدا، منداڵه‌كان له گه‌ڕه‌ك شه‌ڕیان كردبوو، پێشتریش چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ خزمه‌كانی له‌سه‌ر شه‌ڕی منداڵ له‌یه‌ك زیز بووبوون. ئه‌و ره‌مه‌زانه ئاشتببونه‌وه. به‌ڵام دووباره شه‌ڕی منداڵ ئاگره‌كه‌ی گه‌وره‌تر بوو، ئه‌و كاته‌ی چه‌ند ئامۆزایه‌كی "پیلان"ی تۆڵه داده‌نێن. ئێواره‌یه‌ك هه‌موویان كۆده‌بنه‌وه و هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ماڵی ئیبراهیم.
ره‌مه‌زان، برای خوناوی تاوانلێكراوه، بۆ كوردستان24 گوتی: له راپۆرتی پزیشكی ده‌ركه‌وتووه، خوناوی خوشكم 13 فیشه‌كی به‌ركه‌وتووه و زاواكه‌شم 15 فیشه‌كی به‌ركه‌وتووه.
ره‌مه‌زان گوتیشی: كاتێك ته‌قه كه‌ره‌كان ده‌ستڕێژیان له خوشكم و زاواكه‌م كردووه، سێ كه‌سی دیكه‌شیان له ماڵی ئامۆزای زاواكه‌م بریندار كردووه، كه ژن به ژنیشیان كردووه و ئامۆزا و خه‌زووری یه‌كدی بوون، هه‌روه‌ها ته‌قه‌یان له محاویله‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه كردبوو، هه‌مووانیان بێ كاره‌با كردبوو.
له شوێنی رووداوه‌كه، یه‌ك كامێرای چاودێری هه‌بووه، پۆلیس، دوای رووداوه‌كه رێككاره‌كانی گرتووه‌ته‌به‌ر و سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌كانی تاوانی كۆكردووه‌ته‌وه. بكوژه‌كان به ئۆتۆمبێل به‌ره‌و شوێنێكی نادیار رایانكردبوو، سه‌ره‌تا چووبوونه مووسڵ، دواتر له ئاكرێ ده‌ستگیر كران، به هۆی ئه‌و رووداوه‌وه 13 خێزان له ماڵی خۆیان رایانكردووه و شوێنی نیشته‌جێبوونیان گۆڕیوه.
پۆلیس 11 كه‌سی به تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانی كوشتنی ئیبراهیم و خوناو ده‌ستگیركردووه، سه‌ره‌تا له دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی قه‌سرۆك، رێكاره دادوه‌رییه‌كان گیراونه‌ته به‌ر و دادگاكه بڕیاری ئازادكردنی بۆ 6 كه‌س له ده‌ستگیركراوه‌كان ده‌ركردووه.
وه‌ك ئه‌وه‌ی له په‌ڕاوه‌كانی دادگادا هاتووه و تیمی پارێزه‌ری به‌رگریش پشتڕاستی كردووه‌ته‌وه، 3 كه‌س له ده‌ستگیركراوه‌كان دانپێدانانیان وه‌رگیراوه، به گوێره‌ی بنه‌ما یاساییه كارپێكراوه‌كانی دادگا له عێراقدا، "دانپێدانان سه‌روه‌ری به‌ڵگه‌كانه". جگه له دانپێدانان، شاهێدی سه‌لماندن هه‌ن، هه‌رچه‌نده شاهێد ده‌ستكه‌وتن بۆ ئه‌و دۆسییه‌یه قورس بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ره‌مه‌زانی برای خوناو باسی كرد، چونكه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌وێ بوون، خزم و كه‌سوكاری نزیكی ئیبراهیم بوونه و "به‌شێكیان نایانه‌وێت شاهێدی بده‌ن و ده‌ترسن رووداوه‌كه گه‌وره‌تر بێت و كاردانه‌وه‌ی دیكه‌ی به‌دواوه بێت".
دوای ئه‌وه‌ی له دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی قه‌سرۆك بڕیاری ئازادكردنی شه‌ش ده‌ستگیركراو ده‌رده‌چێت، بڕیاره‌كه له ته‌مییز په‌سند ده‌كرێت و پاشان په‌ڕاو و دۆسییه‌ی پێنج تۆمه‌تباره‌كه‌ی دیكه، كه 3یان دانپێدانانیان هه‌یه ره‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كانی دهۆك ده‌كرێت.
بڕیاره، سبه‌ی سێشه‌ممه (8ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، دادگای تاوانه‌كانی دهۆك بۆ ئه‌و دۆسییه‌یه دابنیشێت، به‌ڵام تیمی پارێزه‌رانی به‌رگری له تۆمه‌تباره‌كان، كه چوار پارێزه‌رن، داوای دواخستنی دانیشتنی دادگایان كردووه و ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌وه‌یه سبه‌ی دادگا دانیشتنه‌كه بۆ مانگی داهاتوو دوابخات، كه له ساڵی پاره‌وه تا ئێستا نه‌گه‌یشتووه‌ته بڕیاری كۆتایی و منداڵه‌كانی ئیبراهیم و خوناو چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له ده‌سته‌ی پارێزه‌رانی تاوانلێكراوان، بۆ كوردستان24، باسی له‌وه كرد، دۆسییه‌كه، رێڕه‌وی دادوه‌ری خۆی وه‌رگرتووه. به‌شی ئه‌وه به‌ڵگه‌ی پێویست هه‌ن، دادگا بڕیار بدات. گوتیشی: هه‌مووان چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگا ده‌كه‌ین.
دۆسییه‌ی ئه‌و تاوانه به گوێره‌ی مادده‌ی (406) له یاسای سزادانی عێراقی ژماره (111)ی ساڵی 1969، خاڵی یه‌كی بڕگه‌ی ئه‌لیف، كراوه‌ته‌وه. به گوێره‌ی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی مادده‌كه، سزای له‌سێداره‌دان ده‌رده‌كرێت بۆ بكوژ ئه‌گه‌ر هاتوو پێشتر ئاماده‌كاری بۆ كردبوو و سووربوونی هه‌بووبێت له‌سه‌ر تاوانه‌كه. هه‌روه‌ها له بڕگه‌ی (د) هاتووه: ئه‌گه‌ر بكوژه‌كه له ره‌چه‌ڵه‌كی بكوژه‌كه بێت.
ئه‌حمه‌د خورشید، برای تاوانلێكراو ئیبراهیم خورشید، كه ئێستا سه‌روكاری حه‌وت منداڵی به‌جێماوی براكه‌ی ده‌كات، رووی ده‌می كرده ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و داوای كرد، دادوه‌ری بۆ دۆسییه‌ی ئیبراهیم و خوناو بێته دی و رێگه نه‌درێت، تاوانباری راسته‌قینه‌ی تاوانه‌كه له سزا ده‌رباز بن.
ئه‌و گوتیشی: خێرخوازان چاویان له منداڵه‌كانه و هاوكارییان ده‌كه‌ن و ژیانی ئه‌و منداڵانه به هۆی نه‌مانی دایك و باوكیانه‌وه زۆر قورس بووه، به تایبه‌تی كه بچووكه‌كه‌یان ته‌نیا یه‌ك ساڵ ته‌مه‌نی بوو، ئێستا بووه‌ته دوو ساڵ.
ئه‌و ئاشكرایكرد، هه‌وڵی زۆر دراون بۆ ئه‌وه‌ی سوڵحی عه‌شائیری بۆ تۆمه‌تباره سه‌ره‌كییه‌كان بكرێت، به‌ڵام خوێنی باوك و دایكی ئه‌و منداڵانه ناخاته مامه‌ڵه‌ی سوڵحه‌وه تا دادگا بڕیاری كۆتایی خۆی ده‌دات.
ئه‌وه‌شی گوت: منداڵه‌كان بچووكن و من مافی ئه‌وه‌م نییه له خوێنی دایك و باوكیان خۆش بم، ئه‌وانیش له دادگا بانگ كراون و سێیان وته‌یان لێ وه‌رگیراوه.
خه‌لیل كاتێك باوك و دایكی كوژران ته‌مه‌نی 17 ساڵ بووه و له 20ی حوزه‌یرانی پار پێی ناوه‌ته ته‌مه‌نی 18 ساڵییه‌وه، چاوی له سێ برا و سێ خوشكه‌كه‌ی دیكه‌یه‌تی و نایه‌وێت ماڵه‌كه‌یان به‌جێبهێڵن و له گۆڕی باوك و دایكیان دوور بكه‌ونه‌وه تا دۆسییه‌كه یه‌كلا ده‌بێته‌وه و چاوه‌ڕێی دوا بڕیاری دادگایه.