هونه‌رمه‌ندێكی كورد له‌ ئه‌مه‌ریكا كۆچی دوایی كرد

توانیویه‌تی بگاته‌ هۆلیوود و سه‌كۆی دوو به‌رنامه‌ی به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریكای رازاندووه‌ته‌وه‌
هونەرمەندی ناسراوی کوردستان، زوهدی سەردار
هونەرمەندی ناسراوی کوردستان، زوهدی سەردار

K24- واشنتن:

هونەرمەندی ناسراوی کوردستان، زوهدی سەردار، لە شاری لۆس ئەنجلێس لە ولایەتی کالیفۆرنیا، بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، كه‌ لە بواری شێوەکاری و پیکەرتاشی دا کەسێکی ناسراو و دیار بوو.

ئەم هونەرمەند کوردە، بە توانا و لێهاتوویی خۆی توانی بگاتە هۆلیوود، بۆ ماوەی دەیان ساڵ لەگەڵ کاناڵی هەواڵیی NBC لە نزیکەوە کاری کرد.

 سەرداری هونەرمەند رازێنەرەوەی سەکۆی بەرنامە بەناوبانگەکانی "ستێج دیزاینەر " Stage Designer " و بەرنامەی ئەمشەو "Tonight Showی جانی کارسن بوو، جەی لینۆ "شەو مانی" Showman  بە ناوبانگی ئەمه‌ریکا کە ساڵانی پاشتر هەمان بەرنامەی بە ناوی  Tonight Showی بەرێوە دەبرد، ئێستا خاوەنی زیاتر لە 50 تابلۆی ئەم هونەرمەندە کوردەیە.

زوهدی جیا لە شێوەکاری پەیکەرسازی، خاوەنی چەند پەرتووك و هۆنراوە بە زمانی ئینگلیزییە. کۆی بەرهەمەکانی سەرداری هونەرمەند بە گشتیی ناوەرۆکی مرۆڤایەتی هەبوو، لەم بەستێنەدا لە رێگای کارەکانیەوە هەوڵی دەدا خەبات بۆ ئازادی و ئێش و ئازارەکانی کوردستان لە رێگای پەرتووك و کردنەوەی دەیان پیشانگا بە ئەمه‌ریکایی و بیانییەکان بناسێنێ.

مانگی 4ی ساڵی 2017، زوهدی سەردار لە ماڵەکەی خۆی لە ولایەتی کالیفۆرنیا، پێشوازی گەرمی لە تیمی کوردستان24 کرد. لە وتووێژێکی تایبەتیدا، سه‌رسه‌ختانه‌ داکۆکی لە رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرد و داوای لە هاووڵاتیانی کوردستان کرد بە هەموو شێوەیەك بۆ سەرخستنی رێفراندۆم تێبکۆشن و هیوای خواست، بتوانێت سەفەری وڵاتەکەی کوردستان بکات...

زوهدی 15ی سێپتەمبەری 1939، لە شاری سلێمانی لە دایكبووە. دواتر لە بەغدا زانکۆی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە. پاشان ماوەیەك وەك مامۆستای هونەر کاری کردووە.

ئەم هونەرمەندە کوردە، ساڵی 1964 چووه‌ته‌ ئەمه‌ریکا، پاش 2 ساڵ مانەوە لەو وڵاته‌، بۆ درێژەدان به‌ خوێندن چووه‌تە فەره‌نسا و لە ئه‌کادیمیای هونەری پاریس، بڕوانامەی بەرزی لە بوارەکەی خۆیدا بەدەست هێناوە.

زوهدی هونەرمەند، ساڵی 1968 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئەمه‌ریکا و لە بواری سینەما و کاری تی ڤی و لە بەشی هونەریدا دەست بە کار و چالاکی كردووه‌.

سەردار دوو جار ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و بەرهەمی ئەو ژیانەش دوو منداڵە بە ناوەکانی کامەران و گیان، کە ئێستا لە شاری لوس ئه‌نجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەژین.

رەوەندی کوردستانی لە ئەمه‌ریکا بە گشتیی و کوردستانیانی ویلایەتی کالیفۆرنیا، بە تێکڕا بۆ لە دەستدانی ئەم مرۆڤە هونەرمەند و خەمخۆرەی کوردستان بەداخن و کۆچی دوایی ناوبراو بە خەسارێکی گەورە دەزانن.