سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دوا وادە بۆ فراكسیۆنەكان دیاری ده‌كات

سەرۆك فراكسیۆنەكان پرسی ده‌ستوور و یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ كۆمسیۆن تاووتوێ ده‌كه‌ن
په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە (8ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) لەبارەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و نووسینەوەی دەستوور كۆدەبنەوە.

بەپێ زانیاریەكانی كوردستان24 دوای ئەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان 10 رۆژی وەك دواوادە دایە فراكسیۆنەكان بۆچوونی كۆتایی خۆیان لەبارەی نووسینەوەی دەستوور و یاسای ھەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن بگەڕێننەوە پەرلەمان، ئەو وادەیەش دوو رۆژی ماوە تەواو بێت، فراكسیۆنەكان لە نێوان خۆیان دەستیان بە گفتوگۆكردوە، ئەمڕۆش بۆ جاری دووەم كۆدەبنەوە.

ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردنە لەسەربۆچوونی لایەنەكان لەسەر پرسی دەستوور و یاسای ھەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن.

لەبارەی بۆچوونی لایەنەكانیش بەپێ زانیارییەكان چەندین بۆچوون ھەیە، بەشێكیان لەگەڵ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنن و بەشێكیشیان دەڵێن یاسای ھەڵبژاردن ھیچ كێشەیەكی نییە.

سه‌باره‌ت به‌ كۆمیسیۆنیش بۆچوونی لایەنەكان جیاوازە، بەشێك لەگەڵ ئەوەن ئەم كۆمیسیارانەی ئێستا ماوەی یاساییان بۆ درێژ بكرێتەوە و بەشێكی دیكە داوا دەكەن بەپێ ئەنجامی ھەڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، كۆمیسیۆن كارابكرێتەوە و بەشێكی دیكەش داوا دەكەن دادوەری سەربەخۆ كۆمیسیۆن بەرێوەببەن.

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش بۆ ھەر بۆچوون و پێشنیازێكی لایەنەكان لەسەر ئەم 3 پرسە رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (10ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) بە دواوادەی لەبەردەم فراكسیۆنەكان دیاری كردووە.