"زەعیم سدیق" ئەو یادەوەرییە تاڵەی لە هزری تاکی کورد ناسڕێتەوە

یادی یەکەم کودەتاى بەعسییەکان لە عێراق
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

8ى شوباتى 1963 یەکەم کودەتاى بەعسییەکان بوو لە عێراق، کە بەزەمانى (حەرەس قەومییەکان) ناسراوە و لەناو حەرەس قەومییەکانیشدا زەعیم سدیق یادەوەریەکى تاڵى لە ناو کورد بە تایبەتى لەناو دانیشتوانى سلێمانیدا هەیە، کوردستان24 لە رێگەى شایەتحاڵێکى ئەو رووداوەو بەشێک لە مێژووى ئەو رۆژە رەشە دەگێڕێتەوە.

لە 8/2/1963، یەکەم  کودەتاى بەعسییەکان لە عێراق کرا، بەعسییەکان هەر لەگەڵ یەکەم ساتى کودەتاکەیان زەبر و زەنگیان بەرامبەر بە کورد دەستپێکردووە، ناوى زەعیم سدیق یادەوەرییەکى تاڵە لەنێو دانیشتوانى سلێمانى. چیمەن حەسەن، ئەو کات تەمەنى 19 ساڵان بووە، بەڵام بە وردى سەرجەم رووداوەکانى ئەو رۆژەى لەبیرە، کە چۆن حەرەس قەومییەکان بەسەر ماڵەكەیاندا داوە و  باوکى کە ئەوکات نەخۆشیش بووە بە زۆر بردویانە.

زەعیم سدیق، فەرماندەی لیوای 5ی سوپای عێراقی ئەوکات کە باوەڕپێکراوی بەعس بوو، بە دەیان کەس بە فەرمانی ئەو لە سلێمانی گولـلەباران کران و ژمارەیەکی زۆریش خرانە زیندانەکانەوە، ناوی زەعیم سدیق لەلای خەڵکی سلێمانی بە تایبەت و خەڵکی کوردستان بە گشتی بووەتە یادەورییەکی تاڵ.

چیمەن حەسەن، مێژووی ئەو رۆژە رەشە بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "بەیانی زوو سەرباز و دەبابە بە شاردا بڵاوکرایەوە، کاتێک گەیشتنە کۆڵانەکەی ئێمە پیاوێکی دراوسێی ئێمەیان گرت و بردیان، دواتر لە دەرگای ئێمەیان دا باوکم نەخۆش بوو لەناو جێگە کەوتبوو، هەرچەند گوتمان باوکمان نەخۆشە گوێیان نەگرت، کە کراس و بیجامەوە بردیان".

حەرەس قەومییەکان دەستیان لە کەس نەپاراستووە بە تایبەت رەگەزی نێر، باوکى چیمەن پاش مانەوەى نزیکەى 2 مانگ لە حامیەکەى ئەوساى سلێمانى، کە ئێستا پارکى ئازادییە، بە کۆمەڵێک ئیش و ئازارەوە لە زیندان ئازاد دەبێت، چیمەن باسی ئەو رۆژە دەکات و دەڵێت: "ئەو ماوەیە باوکم هێندە ئازار درابوو، کاتێک ئازاد کرا و هاتەوە لە دەرگای دا براکەم نەیناسییەوە، باوکم وایلێهاتبوو دەیگوت بۆ سەرچاککردن مەمبەنە بازاڕ سەربازەکان دەمگرن، بەو ئازارەوە کە چووە  ناو جەستەی باوکم تا کۆچی دواییکرد لەناو جێگە هەڵنەستایەوە".

8ى شوباتى ساڵى 1963 بەعسییەکان و قەومییە توندڕەوە عێراقییەکان، کودەتایان بەسەر عەبدولکەریم قاسم دا کرد، رۆژانى دواتر دەستیەک بە ناوى حەرەس قەومى بە ناو گەڕەك و کۆڵانەکانى بەغدا بڵاوبوونەوە و کەوتنە کوشت و بڕى خەڵکى سڤیل.