پارتی: کاندیدی ئێمە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەر هۆشیار زێبارییە

"دادگای فیدراڵی پاکی هۆشیار زێباری دەسەلمێنێ"
هۆشیار زێباری
هۆشیار زێباری

K24 - بەغدا

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت دەکاتەوە کاندیدی ئەوان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەر هۆشیار زێبارییە و پاکی ئەو لە دادگای فیدراڵی دەسەلمێنرێت.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بووەتە پرسێکی یاسایی، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو سکاڵایانەی لەسەر کاک هۆشیار تۆمار کراون لە دادگای فیدراڵی یەکلا دەکرێنەوە و کاک هۆشیار کەسێکی پاکە، دڵنیام پاکی ئەو دەسەلمێنرێت".

گوتیشی: "راستە دوێنێ کۆبوونەوەی پەرلەمان نەکرا، بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوودا وادە بۆ کۆبوونەوە دیار دەکرێت و سەرۆک کۆمار لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت".

ڤیان سەبری، جەختیکردەوە: "کاندیدی ئێمە هۆشیار زێبارییە".

بڕیاربوو دوێنێ 7/2/2022، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت و سەرۆک کۆمار هەڵبژێردێت، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە دواخرا، چونکە پێشتر زۆربەی فراکسیۆنەکان رایانگەیاندبوو کە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا ناکەن.

رۆژی 6ی شوباتی 2022، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی رێكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق رابگرێت، تا ئه‌و كاته‌ی سكاڵاكان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌.