نهورۆز له دێربی كوردستان شكستی به زاخۆ هێنا
لە خولی نایابی تۆپی پێی عێراق یانەی نەورۆز لە دێربی کوردستان میوانداری زاخۆی کرد و یارییەکەشی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە، نەورۆز پێنجەمین بردنەوەی بەدەستهێنا و زاخۆش تامی چوارەمین دۆڕانی کرد.
لە گەڕی بیستەمی خولی نایابی عێراق نەورۆز لە سلێمانی لهسهر یاریگهی فهرمانده میوانداریی زاخۆی کرد.
لە سەرەتای یارییەکەوە هەردوولا لە ئاست لە یەکەوە نزیک بوون و مەترسییەکی ئەوتۆیان نەخستە سەر گۆڵی یەکتر.
له یارییهكهدا نەورۆز زیاتر هەوڵی دەدا خۆی لە گۆڵی کوڕانی خابور نزیک بکاتەوە و دەستپێشخەری لە گۆڵ بکات.
مەترسیدارترین هێرشی نەورۆز لە خولەکی 16 بوو كاتێك گۆڵپارێز بە نایاب بەرپەرچی دایەوە.
نەورۆز لە نیوهی یهكهم باشتر دەرکەوت بەڵام هیچی لە ئەنجامی یارییەکە نەگۆڕی و بە یەکسان بوون ئەم نیوەیە کۆتایی هات.
هێندە بەسەر نیوەی دووەم تێنەپەڕی و نەورۆز گورزی خۆی وەشاند و لە خولەکی 51 یانەکەی سلێمانی گۆڵی یەکەمی بە واژۆی حوسێن ئیبراهیم تۆمار کرد و بە گۆڵێک پیشکەوتن.
زاخۆ بە گۆڵێک دواکەوت و ئەمجارە هەوڵەکانی ئەم یانەیە بۆ راستکردنەوە و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە بوو.
زاخۆ لەم نیوەیە بەتایبەت دوای پاشکەوتنی بە گۆڵێک لە یارییەکە باشتر دەرکەوت و نەیدەویست بەم ئەنجامە بچێتە دەرەوە.
لە خولەکی 83 لۆکاسی بەرازیلی به لێدانێكی راستهوخۆ بەختی خۆی بۆ راستکردنەوەی ئەنجامەکە تاقیکردەوە، بەڵام سەجادی گۆڵپارێز بە نایاب وەڵامی دایەوە و پارێزگاری لە خاوێنی گۆڵەکەی کرد.
هەرچەندە زاخۆ هەوڵی دەدا لە گۆڵی بەرامبەر نزیک ببێتەوە بەڵام نەورۆز بەرگرییەکی بەهێزی کرد و سەرجەم تۆپەکانی دوورخستەوە.
دواجار یارییەکە کۆتایی هات و نەورۆز لە بەردەم هاندەرانی یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە زاخۆ بردەوە، نەورۆز پێنجەمین بردنەوەی بەدەستهێنا و بالانسی خاڵەکانی بۆ 20 خاڵ بەرز کردەوە، لە بەرامبەردا زاخۆ تامی چوارەمین دۆڕانی کرد و بە خاوەنی 30 خاڵ مایەوە.