رۆژنامه‌یه‌كی رووسی: عێراق بێ سه‌رۆكه‌

"دانیشتنی په‌رله‌مان دواخرا"
عێراق بێ سه‌رۆكه‌
عێراق بێ سه‌رۆكه‌

K24 - هه‌ولێر:

رۆژنامه‌یه‌كی رووسی رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی دواخستنی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌و وڵاته‌ بێ سه‌رۆك كۆمار ماوه‌ته‌وه‌.

ماریانا بیلینكایا، له‌ رۆژنامه‌ی كۆمیرسانتی رووسی گوتارێكی نووسیووه‌، تێیدا رایگه‌یاندووه‌، له‌ عێراقدا درامای دیاریكردنی سه‌رۆك كۆمار به‌رده‌وامه‌، به‌ گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق ئه‌گه‌ر نه‌توانرێت ئه‌م كێشه‌ له‌ماوه‌ی 30 رۆژی دوای راگه‌یاندنی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو بۆشایی ده‌ستوورییه‌وه‌.

ئه‌و نووسه‌ره‌ راشیگه‌یاند، بڕیاربوو رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو 7ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2022 دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تایبه‌ت بۆ دیاریكردنی سه‌رۆك كۆمار به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌ڵام به‌هۆی ته‌واو نه‌بوونی رێژه‌ی یاسایی ئاماده‌بووان، دانیشتنه‌كه‌ دواخرا.

نووسه‌ر ده‌شڵێت: "هاوپه‌یمانێتی سائیرون، پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپه‌یمانێتی سوننه‌كان، بڕیاریاندا له‌ دانیشتنه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو ئاماده‌ نه‌بن، بۆ ئه‌مه‌ دانیشتنه‌كه‌ دواخرا".

ماریانا بیلینكایا، روونیكرده‌وه‌، به‌ گوێره‌ی رێكه‌وتننامه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌ ساڵی 2003، سه‌رۆك وه‌زیران له‌ پێكهاته‌ی شیعه‌، سه‌رۆك كۆمار  پێكهاته‌ی كورد و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ پێكهاته‌ی سوننه‌ ده‌بن، به‌هۆی هاوپه‌یمانێتی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در و سوننه‌كان، چانسی كاندیدی پارتی بۆ بوون به‌ سه‌رۆك كۆمار زیاتره‌.