"شووبراکەم، بۆ ئەوەی شووی پێبکەم هاوسەرەکەمی بە کوشتندا"

حەبیبە: شەش مانگ لە چۆڵەوانی زیندانیکردم ویستم خۆم بکوژم، دواتر بە فێڵ لە دەستی رزگارم بوو
kurdistan24.net

K24 – ئەنقەرە

پیاوێک براکەی خۆی بە کوشتن دەدات، تا هاوسەرگیری لەگەڵ براژنەکەی بکات، بەڵام براژنەکەی هەر رازی نابێت و بە فێڵ لە دەستی رادەکات.

حەبیبە ئەمرخێر، یەکێکە لە قوربانیانی دەستی تاڵیبان، شووبراکەی بە نهێنی کاری لە گەڵ تاڵیبان کردووە دواتر بۆ گەیشتن بە مەرامی  خۆی لەگەڵ براکەی کە پۆلیس بووە دەچێتە دەرەوە، لە نیوەی رێگا دەیداتە دەست چەکدارانی تاڵیبانەوە، خۆشی دەگەڕێتەوە، دوای سێ رۆژ تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە.

حەبیبە، بە کوردستان24ی گوت: "زۆر بێرحمانە مێردەکەمیان کوشت، سەیارەکەیان لێسەندبوو بە چەقۆ و گولـلە لێیاندابوو، شووبراکەم رادەستی چەکدارانی تاڵیبانی کرد و ئەوان کوشتیان، دوای سێ رۆژ تەرمەکەیان دۆزیەوە، شووبراکەم زۆر ناپیاو بوو زۆر زوڵمی لێکردین، چەکی لەسەر سەرم دادەنا و هەڕەشەی  لێدەکردم دوای ئەو سێجار ویستم خۆم بکوژم، شەش مانگ لە چۆڵەوانی زیندانی کردم".

دەشڵێ: "برای مێردەکەم دوای چەند رۆژێک لە کوشتنی مێردەکەم داوای لێکردم تا لە گەڵی بم، بەڵام من قبووڵم نەکرد، بۆیە ماوەی 6 مانگ زیندانی کردم و منداڵکانیشی لێم دوورخستەوە، بە زۆر لەگەڵ برا گەورەکەی هەموو زێڕ و پارەی مێردەکەمیان لێوەرگرتم و ناچاریان کردم کە لەگەڵی بم، بە زۆر خانووەکەیان لێسەندم و بە ناوی خۆیانکرد".

حەبیبە، کە یەکێکە لە قوربانییەکانی دەستی تاڵیبان ئاماژە بەوەش دەکات: "ئێمە نەماندەزانی شووبراکەم چووەتە ناو تاڵیبانەوە، بەڵام گومانم لێی هەبوو، هەرکات مێردەکەم دەچوو بۆ دەوام من دڵم لەناو دەستم بوو، دەترسام بەڵایەکی بەسەر بێت، چونکە تاڵیبان هەڕەشەیان لەو کەسانە دەکرد، کە کار بۆ حکومەت دەکەن".

ئەوەشی خستەڕوو: "دوای شەش مانگ درۆم لەگەڵ شووبراکەم کرد و گوتم شووت پێدەکەم،  کاتێک منداڵەکانم وەرگرتەوە راستەوخۆ رامکرد".

لە دوای گرتنە دەسەڵاتی ئەفغانسان لەلایەن تاڵیبانەوە، ئەو نیمچە ئازادیەی کە ژنان بەدەستیان هێنابوو لەو وڵاتە ئەویش لە بارچوو. حەبیبە سەرەڕای ئەوەی هەموو شتێکی لێوەردەگرن لەگەڵ هەرسێ منداڵەکەی هەڵدێت و دەچێتە پاکسان و دواتریش دەچێتە ئێران، ماوەی شەش مانگ لە شیراز دەمێنێتەوە، پاشان بە رێگەی قاچاغ خۆی دەگەێنێتە وڵاتی تورکیا.