دوو کەس پارەی فەرمانگەیەکی هەولێر دەدزن

"چاوەڕێیان کردووە تا پارە زۆر کۆدەبێتەوە ئەوکات بچن پارەکە ببەن"
هۆگر عەزیز - وتەبێژی پۆلسی هەولێر
هۆگر عەزیز - وتەبێژی پۆلسی هەولێر

K24 – هەولێر

دوو کەس لە هەولێر بە تۆمەتی دزینی پارەی فەرمانگەی ئاوی قەزای خەبات لەلایەن پۆلیس دەستگیر کران.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بڕێک پارەی فەرمانگەی ئاوی قەزای خەبات دەبەن و جارێکی دیکەش هەوڵدەدەن پارەکە ببەن، جاری یەکەم 800 هەزار دیناریان لەناو قاسەی فەرمانگەکە بردووە، جاری دووەم چاودێری فەرمانگەکەیان کردووە تا ئەوکاتەی خەڵک زۆر سەردانی دەکەن، بۆ ئەوەی پارەی زۆر کۆببێتەوە و ئەوکات بچن پارەکە ببەن، بەڵام بەڕێوەبەری ژمێریاری پارەکەی بردووەتەوە ماڵەکەی خۆی، کە چوونە قاسەکە هیچ پارەی تێدا نەبووە، چەند وشەیەکی نەشیاویان لە پشت شوێنی دانیشتنی بەڕێوەبەر نووسیوە".

گوتیشی: "ئێستا هەردوو کەسەکە بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی بەند کراون".

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند: "ئەو دوو تۆمەتبارە تەمەنیان لەنێوان 20-25 ساڵیدایە و خەڵکی قەزای خەباتن".