کوردێک راکان جبووری دەداتە دادگا

هونەرمەندێکی کورد سکاڵا لەسەر پارێزگاری سەپێنراو و قایمقامی کەرکووک تۆمار دەکات
راکان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک
راکان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک

K24 – کەرکووک

هونەرمەندێکی کورد لە کەرکووک لە دادگا سکاڵای لەسەر پارێزگاری سەپێنراو و قایمقامی کەرکووک تۆمار دەکات.

ئەو هونەرمەندە کوردە، هەفتەی رابردوو لەسەر نەبوونی خزمەتگوزاریی و کەمتەرخەمی ئیدارەی شارەکە سکاڵای دژی پارێزگار و قایمقامی کەرکووک تۆمار کردووە، بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگا بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوان ئامادەی دانیشتنەکە نەبوونە.

زانیار جومعە، هونەرمەندێکی کوردە لە کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوێنێ لە دادگا ئاگادار کرامەوە کە ئەمڕۆ دانیشتنی دادگامان هەیە، ئەمڕۆ چوومە دادگا، بەڵام نە پارێزگار و نە قایمقامی کەرکووک ئامادەنەبوون، دادوەر وتەی منی وەرگرت و هەموو شتەکانم خستەڕوو، دادوەر بەڵێنی پێدام کە لە دانیشتنی دووەم پارێزگار و قایمقام ئامادەبن".

گوتیشی: "سکاڵاکەی من دژی پارێزگار و قایمقام، لەسەر نەبوونی خزمەتگوزارییە، ئەم شارە بووەتە زبڵخانە، داواکاری سەرەکی ئەوەیە کاتەکانی پێدانی کارەبا لە کەرکووک زۆر کەمە و نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە زۆر گرانە، بۆیە داوام کردووە کێشەکانمان چارەسەر بکەن، نرخی کارەبای موەلیدە کەمبکرێتەوە، هەروەها لەناو بازاڕ رێگری لە کار و کەسابەتی خەڵک دەکرێت، هاووڵاتییان ناتوانن ئیش بکەن، جاران خەڵک لە شارەکانی دیکە دەهاتە کەرکووک ئیشیان دەکرد، ئێستا بازاڕی کەرکووک بێکار و کەسابەتە".

زانیار جومعە، ئاماژەی بەوەشکرد: "دادوەری دادگاکە پێی گوتم، یەکەم جارە پارێزگار و قایمقام لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک بانگێشتی دادگا بکرێن".

راشیگەیاند: "ئەگەر لە دادگای کەرکووک لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکرێت و بێ ئەنجام بێت، لە وەزارەتی داد سکاڵا دەکەم، ئەگەر هەر لەوێش نەبوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا دەکەم، وازناهێنم تا ئەنجامی دەبێت، ناکرێ شاری کەرکووک بەم هەموو داهاتەی نەوتەوە ئەمە حاڵی بێت".