هه‌ولێر دوای 104 رۆژ له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد

نزار مه‌حرووس راهێنه‌ری هه‌ولێر و كۆسره‌ت بایز باوه‌شی له‌ یاسین سامیه‌ داوه‌، دیمه‌نێك له‌ هانده‌رانی هه‌ولێر. 9 شووباتی 2022
نزار مه‌حرووس راهێنه‌ری هه‌ولێر و كۆسره‌ت بایز باوه‌شی له‌ یاسین سامیه‌ داوه‌، دیمه‌نێك له‌ هانده‌رانی هه‌ولێر. 9 شووباتی 2022

هەولێر دوای تەواوبوونی سزاکەی سەری گەڕایەوە یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری و لە یەکەمین یاریی قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێراق میوانداری مینای کرد و دوای 104 رۆژ یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی تۆمار كرد.

هەولێر بە ئامانجی بەردەوامیدان بە زنجیرە سه‌ركه‌وتنه‌كانی لەگەڵ نزار مەحرووس دەستی بە یارییەکە کرد و فشاری لەسەر گۆڵی مینا دروست کرد.

دوای تیپەڕینی تەنیا 3 خولەک بەسەر یارییەکە کوڕانی نزار مەحرووس دەرگای گۆڵەکانیان کردەوە و یاسین سامیەی پیشەگەری سووری واژۆی لەسەر گۆڵەکە کرد، دوای گۆڵەکە ئامانجی مینا لە یارییەکە لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبردن گۆڕا بە ئامانجی راستکردنەوەی ئەنجامەکە، بە تایبەت کە یانەکە هەوڵدەدات خۆی لە ناوچەی دابەزین رزگار بکات.

هەولێریش لە هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر بەردەوامی بە یارییەکەدا. لە خولەکی 27 مینا بە تەواوی لە راستکردنەوەی ئەنجامەکە نزیک بوو، به‌ڵام تۆپەکەیان لەسەر هێڵێ گۆڵ دوورخرایەوە.

مینا هێرشەکانی بۆ سەر گۆڵی هەولێر چرتر کرد و و لە خولەکی 30 جارێکی دیکە لە گۆڵی هەولێر نزیک بوونەوە و گۆڵیان نەکرد.

لە خولەکی 41 ئۆچۆی پیشەگەری تۆگۆیی دەرفەتی گۆڵی دووەمی هەولێری بۆ رەخسا و نەیتوانی گۆڵ بکات.

لە هێرشێكی دیكه‌دا لە دوا ساتەکانی نیوەی یەکەم بارزان شێرزاد دەرفەتێکی دیکەی گۆڵکردنی بۆ هەولێر لەدەستدا و نیوەی یەکەم بە گۆڵێک لە بەرژەوەندی هەولێر کۆتایی هات.

مینا هاوشێوەی کۆتاییەکانی نیوەی یەکەم، لەم نیوەیەش هەوڵیدا خۆی لە گۆڵی هەولێر نزیک بکاتەوە  و چەند جارێک لەسەریەک هەڕەشەی لە گۆڵی هەولێر کرد.

دوای کاتژمێرێک لە تێپەڕبوونی کاتی یارییەکە نزار مەحرووس گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەی کرد و ئاکام هاشم و عومەر عەدنان و رەوا یوسفی هێنایە سەر لاکیشەی سەوزی یاریگا.

دواتر یاسر سەلام نەیتوانی سوود لە پاسەکەی بارزان شێرزاد ببینێت و هەولێر بە گۆڵی دووەم پێشبخات.

لە خولەکی 70 هەولێر میوانەکەی بە گۆڵی دووەم بریندارتر کرد، بە ئەسیستی یاسر سەلام، یاسین سامیە گۆڵی دووەمی زەردپۆشەکانی هەولێری تۆمار کرد. سامیە بەر لە هاتنی نزار مەحرووس هیچ گۆڵێکی نەبوو بەڵام لە شەشەمین یاریی لەگەڵ هاونیشتمانیەکەی چوارەمین گۆڵی خۆی کرد.

15 خولەک بەر لە تەواوبوونی یارییەکەش هەولێر گۆڵی سێیەمی کرد و سێ خاڵی یارییەکەی مسۆگەر کرد، بە ئەسیستی شێرکۆ کەریم ئەمجارە کۆسرەت بایز واژۆی لەسەر گۆڵ کرد.

یارییەکە کۆتایی هات هەولێر یارییەکەی بە سێ گۆڵی خاوێن لە مینای بەسرا بردەوە و شەشەمین سەرکەوتنی لەم وەرزە خولی نایابی عێراق تۆمارکرد و بە 24 خاڵ لە خانەی دوازدەمی مایەوە و بە جیاوازی گۆڵ لە دوای سناعە و نەفتی میسان دەبینرێت.

هانده‌ران له‌ یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری له‌ یاریی نێوان هه‌ولێر و مینا.  9 شووباتی 2022.  فۆتۆ: ئیسلام زێباری
هانده‌ران له‌ یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری له‌ یاریی نێوان هه‌ولێر و مینا. 9 شووباتی 2022. فۆتۆ: ئیسلام زێباری